ئاڵەکۆک

هێدی add_a_photo
نازانم بۆت لە چی بدوێم؟
هەروا لە شتی جوان دەگەڕێم

لە مانگ، لە ڕۆژ، لە ئەستێرە
لە شتی بەرچاو، لەوێ، لێرە

هەرجێیە زەنوێر و بەرزە
ئەوی زۆر دڵگر و تەرزە

لە وەنەوشەی تەڕی بەهار
لە خونچەی سەر چڵووکی دار

لە ترووسکەی ئاوی ئاوهەڵدێر
لە وێنەی مانگی ناو ئەستێر

لە ئاونگی سەر پەلکی شین
کە بە شنەی با دێتە لەرین

لە گوڵ، لە پێکەنینی گوڵ
لە بولبول کە بۆی دێتە کوڵ

لە هەنیەی سپی و قەتارە
لە لاجانگ و ورشەی گوارە

لە ڕووی ناسکی کچ کە بڕێ
لە شەرمان سوور هەڵدەگەڕێ

لەو مەمکەی لە ناو باخەڵدا
هاتووە سەر لە کراسی هەڵدا

لە نێوقەدی شل و نەرم
نەرم‌وشلی باوەش گەرم

لە ڕەشانگی پینەپینە
کە کەو لێی دەکەونە چینە

لە قەڕەنفڵی ناو پەرژین
لە یاقووت، لە پیرۆزەی شین

هەریەک چەشنێ جوانن لە لام
جوانی تریش زۆرن بەڵام

ئەو خاڵەی لە کوڵمەی زێوت
خلیسکا بۆ سووچی لێوت

تۆ ئەو ئاوێنە ڕاگرە
بە من، لە هەموان جوانترە

ترسم هەیە تێی ڕامێنی
دەگەڵ بزەت بی‌بزوێنی

دەغیلت بم، با هەر وا بێ
نەوەک لەوێش تلاسابێ

گوڵم! ئاوێنەکەت دانێ
بزەی تۆ گەمەی نازانێ
لەلایەن بەڕێزێکەوە بە ئای‌پی: ٨٣.١٢٠.٤٠.٤٥ نووسراوە.
@kurdica

پەراوێز edit