ئاڵەکۆک

میرزای لوڕستانی add_a_photo
میرزای لوڕستانی مەمو ئالانی
٣٧. شیکردنەوەی بنەما ئوستورەییەکانی چیرۆکی مەم و زین
هەر وەک مامۆستا هێمن دەڵێ: مەم و زین بە ناوبانگترین چیرۆکی کوردیە.

چیرۆکێک کە چەندین گێڕانەوەی هەیەو بڕێ جیاوازی لە نێوان توخمەکانی گێڕانەوەیدا هەیە، بەڵام ناوەڕۆکی رەسەنی چیرۆکەکە ئوستوورەیەکی کۆنی ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە کە لە شوێنی خۆیدا بە تەواوی باسی لە سەر دەکەین. ئەم چیرۆکە وەکوو هەمووی چیرۆکە کوردیەکانو بە گشتی وەکوو هەموو چیرۆکە کۆنەکانی دنیا لە سەرەتاوە بە شێوەی زارەکی و لە زمانی شایەرەکانەوە (کە بە بەیت‌بێژ دەناسرێن) گوتراوە، هەر بۆیە جیاوازی گێڕانەوەو هەروەها تێکەڵ بوونی توخمەکانی گیڕانەوە، لە ئەدەبی زارەکیو ئەم بەیتەشدا شتێکی ئاساییو حاشاهەڵنەگرە.

هەر شایەرێک بە پێی پێخۆش بوونو بۆچوونی خۆی هێندێک شتی بەسەر چیرۆکەکەدا زیادکردوەو یان گۆڕیویەتی، ئەم دەستێوەردانە تا ئەوکاتەی کە چیرۆکەکان تۆمار نەکرا بوون زۆر زەق تر بوو، بەڵام دوای تۆمار کردنی بەیتەکان کە هاوکات بوو لە گەل لاواز بوونی بەرچاوی ئەدەبی زارەکی ئەو گۆڕانکاریانە کەم بوون یان بە تەواوی نەمان.

لە بارەی مەم و زینەوە ئەوەی لە بەردەستدایە گێڕانەوەی بەناوبانگی خانییە کە بە راستی شاکارێکی ئەدەبیەو مەموزینی لە بەیتێکی سادە تا رادەی حماسە کێشاوەتەوە سەرەوە. دووهەم گێڕانەوەی پیرەمێردە کە بە وتەی مامۆستا هێمن ئیبداعێکی خویەتی و زیاتر لە ئەدەبی رۆژئاوای یو درامەکانی شکسپیر دەچێ. سێهەمیش گێڕانەوەی رەحمان بەکری شایەر کە ئوسکارمان تۆماری کردوەو وادیارە شێوەی باو لە ناو بەیت بێژانی کوردستانی ئیراندا هەر ئەم گێڕانەوەی رەحمان بەکر بووە (چونکو بە وتەی ئوسکارمان جیاوازی نێوان گێڕانەوەی شایەرەکان بە گشتی زۆر کەم بووە. )

ئەوەی ئێمە لێرەدا پشتی پێدەبەستین دوو گێڕانەوەی خانی و رەحمان بەکرە، بە تەواویو بە دڵنیایی ناتوانین بڵێین کام لەم دوو گێڕانەوە رەسەنترە. گێڕانەوەی خانی لەبەر ئەوەی کە تێکەڵی وردەکاری سۆفیانەو بۆچوونی عیرفانی بووە، لە چوارچێوە ئوستوورەیی و فولکلوری چیرۆکەکە دەترازێت و گێڕانەوەکەی رەحمان بەکریش بە بۆنەی تێکەڵ کردنی چەندین ئوستوورەو دەقی ئایینی جیاواز لە ناو ئوستوورەیەکی تایبەتدا، رەنگە خوێنەری شارەزا تووشی سەرلێشێواوی بکات و ناوەڕۆکی ئوستوورەیی چیرۆکەکەی لێ ون بێ. بۆیە لە هەر دووی ئەم گێڕانەوەگەلە کەڵک وەردەگرین بۆ وەدەرخستنی پاژە پرش و بەڵاوە ئوستوورەیەکانی ئەم چیرۆکە کە بە ئوستوورەی خودای کوژراو (شەهید) دەناسرێت.

ئوستوورەی خودای کوژراو
لە دنیای ئوستوورەناسیدا زۆرجار هەیە کە لە نێوان ئوستوورەی چەندین نەتەوەی جیاوازدا توخمگەلی ئوستوورەیی هاوبەش دەکەوێتە بەرچاو، تەنانەت جار هەیە کە ئوستوورەی نەتەوەیەک دەقاەدەق لە ناو نەتەوەیەکی بەڕواڵەت دوور لە نەتەوەی پێشوو دەبیندرێ و تەنیا ناوەکان دەگۆڕدرێن کە بەم ئوستوورەگەلە دەڵێن ئوستوورەگەکی هاوتەریب. لە رێگای ئوستوورە هاوتەریبەکانەوە زانیاری زۆر لە بارەی پێوەندی نێوان نەتەوەکان و هەروەها مێژووی هاوبەشی ئەوان یان شێوەی ژیانی ئەو نەتەوانە دەکەوێتە دەستی توێژەرو رەنگە بازنە ون بووەکانی مێژووی نەتەوەیەک بە هۆی ناسینی ئوستوورەکانی وەدەر کەوێت.

یەکێک لە ئوستوورە هاوبەش و هەرەناسراوەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئوستوورەی خودای شەهیدبووە، ئوستوورەیەک کە پێوەندی راستەوخۆی لەگەڵ شێوەی ژیانی خەڵکی ناوچەکەوە هەیەو گرینگترین ئوستوورەی ژیانی وەرزێریە. ئەم ئوستوورە لەگەڵ کشتوکاڵ و چاندن و دروێنەی بەروبووەوە پێوەندی هەیە. ناوەڕۆکی ئوستوورەکە باس لە پاڵەوانێک دەکات کە تایبەتمەندی هەرە بەرچاوی داوێن پاکییە. ئەم پاڵەوانە کە بۆتە دڵداری ژنێکی خاوەن دەسەڵات، بۆ ماوەیەک دەکەوێتە زیندان یان بیر یان دۆزەخ (کە جۆرێک لە مردنە)و خەڵک رێورەسمێک بە بۆنەی مردن یان بە زیندان کەوتنی پاڵەوانەکە بەڕێوە دەبەن. لەم داستانەدا پاڵەوانەکە نوێنەری تووی گیایە، واتە خودایەکی گیایییە کە وەرزێر لە ژێر خاکی دەکات و هیوادارە شین ببێت و سەردەرێنێت. لە بۆچوونی ئینسانی ئوستوورەییدا پێوەندی هۆیی و بەرهۆیی هێشتا مانای نییەو ئەو هێشتا بەو قەناعەتە نەگەییشتوە کە سەرهەڵهێنان و روانی گیا چەندین مانگ پاش چاندنی شتێکی سروشتی و ئاساییە، رووداوی لە دایک بوونی منداڵیش هەر بەو شێوەیە. سەرەتا دڵەڕاوکەی ئەوە کە ئایا ئەو شتەی کە چاوەڕوانیەتی روو دەدات یان نا، ئەبێتە هۆی خولقاندنی ئایین و داب‌ونەریتی تایبەتی (کە زۆربەی جار لە گەڵ رێورەسمی قوربانی بۆ خودایان بەرێوە دەچێ) پاشان ئەو داب‌ونەریتە دەبێتە بەشێکی نەگۆڕی ئەو دیاردە سرووشتییە، واتە لەبەرچاوی ئەو دەبێت بە عیللەتی ئەو رووداوە سروشتییە (بۆ نموونە سەر هەلێنانی تۆم لە خاک). ئینسانی ئەساتیری ئایینەکان و داب‌ونەریتی زۆر بە لاوە گرینگەو وادەزانێ جێبەجێ نەکردنی ئەوانە دەبێتە هۆی تۆران و رق هەستانی ئیزەدی ئەو رەسم و ئایینەو تۆڵە کردنەوەی ئەو. بۆ نموونە پێداهەڵنەوتنی ئیزەدی ئاو دەبێتە هۆی تۆرانی ئەوو پشتهەڵکردنی لە خەڵک و زاڵ بوونی دێوی وشکساڵی بۆیە هەموو هەوڵی خۆی دەدات کە ئەو خوداگەلەی کە پێوەندی راستەوخۆیان بە ژیانەوە هەیە هەمیشە بە باشی ستایش و پەرەستن بکات. خودای گیاییش یەکێک لەو خوداگەلەیە کە ناوەندو کۆڵەکەی ژیانی وەرزێرییە.

کۆن‌ترین بیچمی ئەم ئوستووەیە ئوستوورەیەکی مێزۆپۆتامیاییە، لەم ئوستوورەیەدا اینانا ژن -خودایەکە کە عاشق بە کوڕە شوانێک دەبێت بە ناوی دومووزی، دومووزی مل بەو خۆشەویستییە نادات و اینانا بە تۆڵەی ئەو نافەرمانییە کارێک دەکات دوموزی بکەوێتە دنیای ژێر زەوی یان دۆزەخ.

لە ئەساتیری بابلی دا اینانا دەگۆڕدرێتە ئیشتارو دومووزیش دەبێتە تەمووز، بەڵام داستانی خۆشەویستیی بێ ئاکامی ژن-خوداو تۆڵەکردنی لە جێی خۆی ماوەتەوە، ئەم مووتیڤە دەڕواتە کەنعان و شارستانیەتی ئۆگاریتو لەوێوە وەکوو چیرۆکی پێغەمبەرێکی پاکداوێن بە ناو یۆسف واردی دەقە پیرۆزەکان (واتە تەورات و ئینجیل و قورعان) دەبێتو کە دێتە ئێران ناوی چیرۆکی سیاوەشی لە سەر دادەنرێت. کوردیش وەکوو نەتەوەیەکی ئەم بیاڤە فەرهەنگیە خاوەن گێڕانەوەیێکی خۆجێییە لەم ئوستوورەیە کە لە چوارچێوەی چیرۆکی مەموزین دەیناسین.

جیاوازی بەرچاوی چیرۆکی سیاوەش و مەم لە گەڵ ئەوانی دیکە، گۆڕانی پیشەی خودای کوژراوە. لە چیرۆکە کۆنترەکاندا ئەم خودایە هەمیشە شوانە، کە ئەمەش دەتوانێ بۆ خۆی هۆکارێکی هەبێ بەو مانایە کە ئەم چیرۆکە لە لایەنێکەوە باس لە گۆڕانی شێوەی ژیانی ئینسان لە شوانی و ئاژەڵداری بۆ وەرزێری دەکات (شوان دەکوژرێ و دەبێتە قوربانی گیاو وەرزێری). لە داستانی مەم‌وزیندا ئەو بەشە گۆڕاوە بەڵام هەر لەو مووتیڤە دەیان چیرۆکی سەربەخۆو جوراوجۆر سەری هەڵێناوە تا رادەیەک کە ماجرای خۆشەویستی نێوان شوان و کچە ئەمیر یان کچەخان بووە بە ناوەڕۆکی بەشێکی زۆر لە بەیت و چیرۆکە کوردیەکان و بۆ هەموان ناسراوو ئاشنایە.

لە هەر کام لەم چیرۆکانەدا، بنەما ئوستوورەیەکە بە هەندێک لەقوچڵ و وردە گیڕانەوەی جۆراوجۆر داپۆشراوە. بەڵام هەبوونی چەند خاڵ خۆێنەر بەرەو ناوەڕۆکی ئیزەدی شەهیدکراو رێنوێنی دەکات. لە چیرۆکی مەم‌وزینیشدا ئەو خاڵگە لە بەم شێوە دەکەونە بەرچاو:

١- خۆشەویستی زین بۆ مەم:
ئەگەرچی لەم چیرۆکەدا باس لە خۆشەویستی دوولایەنەی مەم‌وزینە بەڵام لە هەردوو گێڕانەوەکانی سەرچاوە بۆ ئێمەدا خوازیاری زین زەقتر و بەرچاوترە، لە مەموزینی خانیدا پاش یەکەم دیداری مەم و زین(بە جلی گۆڕدراوو لە جێژنی نەورۆزدا) ئەو کەسەی هەوڵدەدات بۆ ناسینی ئەوی دیکە، زینە. زین دایەی خۆی دادەسپێرێ کە لەبارەی ئەو کەسەی کە بینیویەتی (واتە مەم) لە فاڵگیر پرس‌وجۆ بکات و پاش ناسینیشی دیسان دایە بۆ لای ئەو دەنێرێ و بە مەم رادەگەیەنێ کە خۆشی ئەوێت. لەوە دیارە خۆشەویستی لە لایەن زینەوە دەست پێدەکات. تەنانەت لە سەرچاوەی دیکەشماندا (واتە مەم‌وزینی تۆمارکراوی ئوسکارمان) لە بەشێک لە چیرۆکەکەدا مەم بە ئاشکرایی زین رەت دەکاتەوە و سێ‌جار بە دوای یەکدا دەڵێ کە زینی ناوێ. ئەگەرچی چیرۆکخوان هۆکاری ئەو هەڵویستەی مەم کارتێکدەری بەکر دەزانێ و دەڵێ بەکر بە گوێی مەمی گەیاندوە کە زین نەخۆشی پیسی گرتوە، بۆیە کاتێ میر زێنەدین (برای زین) سێ جار زین بە مەم دەدات ئەو هەو سێ جارەکە رەتی دەکاتەوەو ئەڵێ نامەوێ. بەڵام دیارە ئەمە دەستێوەردانی شایەرەکانەو قووڵپێکهاتەی ئەم رەدکردنەوانەو هەروەها پێشدەستی و هەستی بەتینی زین، بەرەو هەمان ژن- خودای عاشق و ئیزەدی پاداوێن رێنوێنیمان دەکات.

٢- لە زیندان کەوتنی مەم:
لە هەردوو سەرچاوەکەی ئێمەدا هۆی زیندانی بوونی مەم ئاڵۆزکاری و ئاژاوەگێڕی بەکر دەناسرێ. بەڵام لە گێڕانەوەی رەحمان بەکردا رەدکردنی زین لە لایەن مەمەوە دەبێتە بەردی بناغەی کێشەی میر و مەم و لە ئاکامدا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی زیندانی بوونی مەم. کە ئەمەش لە تۆڵە کردنی ژن -خودادەچێ

٣- مردنی مەم وشینگێڕی بۆ ئەو:
لە گێڕانەوەی خانیدا بە روونی باس لە رێورەسمێکی گەورە بە بۆنەی مەرگی مەم دەکرێ و هەروەها بەڕێوە بردنی شایی بۆ مەم‌وزین پاش مردنیان. رێورەسمی ماتەم و شینگێڕان بۆ ئیزەدی گیایی بەشی ئایینی ئوستوورەکەیە. هەر بەوجۆرە کە لە سەرەتا باس کرا، ئوستوورەو ئایین پێوەندیەکی زۆر نزدیکیان پێکەوە هەیەو بەردەوام یەکتر شارژ یان بەهێز دەکەنەوە. بەڵام ئایین بە هۆی پراکتیک بوونی بەرچاوترەو لە رێگای ئایینەکانەوە دەتوانین پاژە پرش و بڵاوەکانی ئوستوورەیەک کۆکەینەوەو پێکەوە پێوەندیان بدەین.

نموونەی هەرە بەرچاوی شینگێڕی بۆ ئیزەدی گیایی، شینی سیاوەشە کە لە ئێرانی پێش لە ئیسلامدا بەڕێوە دەچووو لە هێندێ شوێن وەکوو شیراز تەنانەت تا سەدەی بیستەمیش مابوو. ئەو ئایینە ئەوەندە بەقوەت بوو کە پاش زاڵ بوونی ئیسلامیش توانی خۆی رابگرێت و لە ریگَای گۆڕانی ناوی پاڵەوانەکانەوە بە ژیانی خۆی درێژە بدات. شینی سیاوەش بە زۆربەی تایبەتمەندیەکانیەوەو زۆرینەی سەمبولەکانیەوە لە ژێر ناوی عاشوورای حوسێنیدا دیسان بە قوەتەکەی پێشوویەوە سەری هەڵێناو ئێستاکەش هەر ساڵ لە ناو شیعەکانی ئێراندا بە تینێکی تایبەتەوە بەرێوە دەچێ. سرنجدان و لێ‌وردبوونەوە لە سەر ئاڵاو بەیاخەکانی رۆژی عاشوورا کە پڕن لە نیشانەکانی رێَورەسمێکی وەرزێری (وەکوو درەختی سەرووو گیاو باڵندە و هتد) سەلمێنەری ئەو راستیەیە کە عاشوورای حوسێنی درێژەدراوی شینی سیاوەشەو یەکبونی و یەکسانی ئەم دوو ئایینە دەخاتە بەرچاو.

شینی سیاوەش و شینی مەم، دوو رێورەسمی هاوتەریب و دوو گێڕانەوەی یەک ئایینن کە ئەگەری زۆر هەیە کە لە هەموو بەشەکانی ئێراندا بەڕێوە چووبێ.

٤- شین بوونی گیا یان گوڵێک لە سەر مەزاری مەم‌وزین:
لە هەردوو گێڕانەوەکانی خانی و ئوسکارماندا باسیی شین بوون و سەرهەڵدانی گیا یان گوڵێک لە سەر مەزار واتە لە خاکی مەم‌وزین هاتوە. هاوشێوەو هاوواتای ئەم رووداوە لە چیرۆکی سیاوەشیشدا هەیە. شین بوونی گیای سیاوەشان لە خوێنی سیاوەش و شین بوونی گوڵ لە سەر مەزاری مەم، ئەو دواهەمین ئامانجە نیشان دەدات کە ئوستوورەکە بەدوایەتی. هەر بەو جۆرە کە باسمان کرد ئوستوورەو بەتایبەت ئایینە پێوەندیدارەکان بە ئەوانەوە تێکوشان و پەلەقاژەی ئینسانی ئەو سەردەمەیە بۆ رازی کردنو پێخۆشبوونی ئەو خوداگەلە کە هەرکامیان بەڕێوەبەری بەشێکی سروشت بوون بۆ ئەوەی کە بتوانێ لە سروشت بۆ دابین کردنی پێداویستیەکانی خۆی کەڵک ورەگرێت و هیچ کێشەو کارەساتێکی سروشتی ژیان و کاروبارو شێوەی ژیانەوەی نەخاتە مەترسیەوە.

ئوستوورەی ئیزەدی شەهیدکراو، ئوستوورەی ژیانی وەرزێریەو ئاواتو ئامانجی هەمیشەی وەرزێر هاوڕێ بوونی زەوی و وەرزەکان لە گەڵ ئەوو باش بوونی بەروبووەکەیەتی. بۆیە رێوڕەسمێک لە ژێر سێبەری ئوستوورەیەکدا بەڕێوەدەبا، بۆ ئەوەی ژن-خودای زەوی لێ خۆش بێت و کشتوکاڵێکی بە بەهرەی بداتێ. واتە دواهەمین بەشی چیرۆکەکە ئەو چاوەڕوانیەو ئەو ئومیدە نیشان دەدات کە ئینسان بە هۆی ئەوەوە ئوستوورەکەی خولقاندوە. ئەو گوڵەی کە لە سەر مەزاری مەم‌وزین شین بووە هۆکاری رەسەنی پێکهاتنی چیرۆکی مەم‌وزینە.

جیاوازی سەرەکی چیرۆکی مەم‌وزین لە گەڵ چیرۆکە هاوتەریبەکانی خۆی لە ناوچەدا، گۆڕانی ئاکسیۆنی ژن -خودا (زین)ە، لە هەموو چیرۆکە هاوشێوەکاندا ژنی چیرۆکەکە ژنێکی هەوەسبازە کە هەندێک جار واشتاکەی خۆی دەکوژێ. بەڵام زین ئەو ئاکسیۆنەی نییەو وەکوو یارێکی وەفادار لەگەل مەمدا دەمێنێتەوەو لە سوێی یارەکەیدا دەمرێت.

ئەوەی کە لە چ زەمەنێکەوە چیرۆکی مەم‌وزین رێگای خۆی گۆڕیوەو لە هاوتاکانی خۆی لەو بابەتەوە دوور کەوتۆتەوە بە روونی دیار نییە. بەڵام ئەوەندە دەزانین کە ئەم گۆڕانەش تەنیا بە سەر مەم و زیندا نەهاتوەو هاوتایەکی دیکەی هەر لە نێو ئەساتیری ئێرانیدا هەیە، رادەی دوور کەوتنی ئەو چیرۆکە لە ئوستوورەی ژێدەر زۆر زیاترە، بەڵام نێوەرۆکی چیرۆکەکە هەمان ئوستوورەیە، ئەوەش چیرۆکی بیژەن و مەنیژەیە، زیندانی کردنی بیژەن لە نێو بیرێکدا، هەمان زیندانی بوونی ئیزەدی گیاهییە بەڵام لێرەشدا مەنیژە ئەو ژن -خودای هەوەسبازو دڵ رەقە نییە، بەڵکوو رۆڵی دڵداری بیژەن دەگێڕێ.

ئەو چیرۆکبێژگەلە کە بە مرووری زەمان سیمای زین و مەنیژەیان گۆڕیوە ئەگەرچی ئوستوورەکەیان لە فورمی رەسەن دوور کردۆتەوە بەڵام باری دراماتیک و هەستیاری چیرۆکەکەیان زۆر بردۆتە سەرو بەو شێوە توانیویانە لە رێگای گۆڕینی داستانی دەسەڵاتی خودایان بە چیرۆکی دڵداری دوو ئینسان مانەوەی ریوایەتەکە گەرەنتی بکەن و هەست و هاودەردی خەڵکەکە بکەن بە پارێزەری کیانی بەشێک لە فەرهەنگ و داب و نەریتی خۆیان. رەنگە ئەگەر بیچمی راستەقینەی زین وەدەر کەوتبا ئەم چیرۆکە ئەوەندە لە سەر زارو نێو دڵی خەڵکی کورد نەماباو بە هۆی ئەوەی کە نەتەوەی کورد زۆر بە دێری دەستی بە تۆمار کردنی ئەدەبی زارەکی خۆی کرد، بە تەواوی لە ناو چووبایە. چوونکە لە دەورانی رەواجی ئەدەبی زارەکی ئەوەی ژیانی دەقەکان دەپارێزێ مێشکی شایەرو دڵی گوێگرەکەیە. گوێگری بەیت ئەگەر بەیتەکەی بە دڵ نبێت و بە بیستنی هەستی نەجووڵێت و نەتوانێ لە گەڵ ئەکتەرەکان و رەوتی داستانەکەدا پێوەندیەکی دەروونی و قووڵ پێک بێنێ، ئەو چیرۆکە خودبەخود لە مێشکی شایەرەکانیش کۆچ دەکات، شایەر بۆ حەز پێکردن و رەزامەندی گوێگرەکانی بەیت دەڵێ بۆیە لە رەوتی زەماندا بەشگەلێ لە چیرۆکەکان گۆڕدراون و گۆڕانی سیمای زینیش لە ژن-خودایەکی هەوەسبازو خۆپەسەند بە دڵداری وەفادارو غەدرلێکراوی مەم لەم چەشنەیە.

توخمە ئوستوورەیەکانی مەم‌وزین:
ئەگەرچی ناوەڕۆکی چیرۆکی مەم‌وزین ئوستوورەی خودای گیاهییە، بەڵام هەندێک گێڕانەوەی لاوەکی کە وەکوو لق و چڵ و گەڵای ئەو چیرۆکە، ماجەراکە بەربڵاو دەکەن و رواڵەتی داستانی پێدەدەن، لەم بەیتەدا هاتوە کە زۆرجار دەربڕی داب‌ونەریت و فەرهەنگی کۆنی خەڵکی ناوچەکەن و جاریش بڕگەگەلێ لە ئوستوورەیەکی جیاوازو سەربەخۆن کە خزاونەتە ناو گێڕانەوەکە، ئەم تایبەتمەندیە لە زۆربەی هەرەزۆری بەیتەکاندا زەق و بەرچاوە کە لە شوێنی خۆیدا باسیان لە سەر دەکەین بەڵام بۆ لێکدانەوەی ئەو بەشگەلەی مەم‌وزین کە لە باری توخمە فەرهەنگی و ئوستوورەییەکانەوە شایانی ئاماژە پێکردنن، دەست دەکەین بە خوێندنەوەی هاوکاتی هەردوو گێڕانەوەی خانی و رەحمان بەکر:

لە سەرەتای مەم‌وزینی رەحمان بەکردا (تۆمارکراوی ئوسکار مان) لە گەڵ کەش‌وهەوایەکی ئەفسانەیی و هەزارویەک شەوی رووبەروو دەبین: پاشایەک کوڕی نابێت و بە دوای رازونیاز لە گەڵ خوداو پاڕانەوەی زۆر، بە هۆی سێوێکی بەهەشتی دەبێتە خاوەن کوڕێک و ناوی دەنێتە مەم. دەقی بەیتەکە لە بارەی چۆنیەتی لە دایک بوونی مەم (کە سەرەتای چیرۆکەکەیشە) ئاوا دەست پێدەکات:

ئیبراهیم پاشای یەمەن هیچ کوڕی نەبوو، دەگەڵ وەزیری خۆی هەڵستان رۆین بۆ ماڵە خوڵا، دوازدە مەنزڵان رۆین، خوڵا رەحمی بەوان کرد. وەیسەلقەرەنی ماهیدەشتی ناردیە کن ئەوان، دوو سێوی پێدا نارد… ئەوانە بۆ کوڕی هاتوون بچنە ماڵە خۆیان شەو جومعەی دەسنوێژێ هەڵگرن، ئەو سێوەی لەتی بکەن، لەتێکی بۆ خۆی بخوا لەتێکی ژنی…

بەڵام لە گوتنەوەکەی خانی دا نە باسی سێوی بەهەشت دەکرێت و نە مەمیش شازادەیە، بەڵکو کوڕی نووسەری میرە.

شێوەی لە دایک بوونی مەم و سێوی بەهەشتی و هتد وەبیر هێنەری ئەفسانەیەکی ئیسلامییە کە لەودا پێغەمبەر بە هۆی خواردنی سێوی بەهەشتی دروست دەبێ. موتیڤی سێوی بەهەشت زۆر کۆنەو ئاماژە بە ئەستوورەی تەوراتی دەکات و خواردنی میوەی قەدەغە لە لایەن ئادەم و حەوا کە خوازەیەکە بۆ پێوەندی جنسی ژنومێرد، ئادەم‌وحەوا میوەی قەدەغەکراو (سێو) دەخۆن و بەدوای ئەوەدا لە رەگەزی خۆیان بە ئاگا دێن، کەوابوو یەکەم منداڵی ئەوان بە شێوەی ناڕاستەوخۆ لە خواردنی سێوی بەهەشت خولقاوە. ئەم جۆرە لەدایک بوونە بەوە رێنوینیمان دەکات کە لەگەڵ چیرۆکی رووبەڕووین کە باسی خولقانی سەرەتایی دەکات و تێکدەری زەمانی مێژووییەو ئەیهەوێ رەوتی ژیانی ئینسانی لە سەرەتاوە تا گەییشتن بەو بەشە کە مەبەستی ئەسڵی ئوستوورەکەیە باس بکات. لە واقێعدا ئەم گەڕانەوە تا سەردەمی خولقانی سەرەتایی و یەکەمین داب و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان تایبەتمەندی بەشێکی زۆر لە ئوستوورەکانە.

ئوستوورە بە پێچەوانەی رۆمان یان داستانی ئەمڕۆ، کامێرای خۆی ناخاتە سەر بەشێکی دیاری کراو لە زەمان و شوێن. زەمانی ئوستوورەیی زەمانێکی تۆکمەو لێکدانەبڕاوە گشتییەتێکە کە بەش بەش ناکرێتەوەو. شوێنیش قەت بە روونی باسی لێ ناکرێ، تەنیا ناوێکی لە سەرە ئەوەش بۆ ئەوەیە کە خەڵکی ناوچەکە (کە خولقێنەری راستەقینەی ئوستوورەکانن) ئەیانهەوێ بەستراوەیی ئوستوورەکە بە خۆیان بخەنە بەرچاو کە ئەوەش دەبێتە هۆی پێوەندی هەستیارانە لە گەڵ ئەکتەرەکان، هۆکاری مانەوەی چیرۆکەکان لە ئەدەبی زارەکیدان.

لە بەیتی مەم‌وزیندا، شێوەی لە دایک بوونی مەم باسی چۆنییەتی خولقانی یەکەم مرۆڤ دەکات و پاش ئەوەش دەچێتە سەر بەشێکی دیکە لە داب‌ونەریتی هەرە کۆنی ئینسان و بەو شێوە رەوتی ژیانی مرۆیی وێنا دەکات.

مەم لە سەرەتاوە نۆکەرێکی هەیە بە ناوی بەنگینە (کوڕی وەزیری پاشا، کە ئەڵبەتە لە مەم‌وزینی خانیدا باسی لێ ناکرێ و ئەو کەسەی کە رۆڵی هاوڕێی مەم دەگێڕێ قەرەتاژدینە ) مەمو بەنگینە دوای لە دایک بوون بەسەرهاتێکی سەیروسەمەریان هەیە. بەیتەکە دەڵێ:

… بە دایانیان دان، دوو ساڵ لە کن دایانێ بوون لە پاشان بە لەلەیان دان، سێ ساڵ لە کن لەلەی بوون لە پاشان سواریان کردن دووساڵان سوار بوون ئەوجار هێنایانن بردیاننە مەدرەسەی لە خزمەت مامۆستا دانیشتن، حەوساڵان دەژێرخانێدا بوون رۆژو شەویان لێ قەدەغە کردن…

ئەم بەشە جگە لەوەی کە بە هۆی ئاماژە بە بەشێکی ئایینی میترایی گرینگی تایبەتی هەیە، دەتوانێ سیماکێشی درێژەی رەوتی ژیانی ئینسانی بێت. سوار بوون ئاماژەی ناڕاستەوخۆ بۆ دەستەمۆکردنی ئەسپ (کە رۆڵێکی گرینگ و بەرچاوی لە ژیانی مرۆڤدا گێڕاوە)، لە ژێرخان بوونیش ئاماژە بە سەردەمی ئەشکەوت نشینی و لە هەمان کاتیشدا دەتوانێ ئاماژە بێت بە نەریتێکی کۆن بۆ تەربیەت و پەروەردەی مێرمنداڵان کە ئەوانیان لە خەڵک دوور دەخستەوەو لە هەل‌ومەرجی سەخت و بە ئەستەم و تەنانەت زۆرجار لە ژێر ئەشکەنجەو ئازاری جەستەیی پەروەردە دەکران و پاشان دەگەڕانەوە بۆ نێو کۆمەڵگا. حەوت ساڵ قەدەغەکردنی رۆژ، وەبیر هێنەری ئەو یاسا سەختە کۆمەڵایەتییانەیە.

پێوەندی ئەم قەدەغە لە گەڵ رۆژو هەروەها لە ژێرخان زیندانی کردنی کوڕەکان بەرەو ئایینی میترایی رێنوێنیمان دەکات، لە ئایینی میتراییدا رێوڕەسمەکان لە ئەشکەوت بەڕیوە دەچوو. «ئەم ئەشکەوتگەلە نوێنەری تاقی ئاسمان بوون… بەڵام لەو شوێنگەلەدا کە ئەشکەوت نەبوو پەرستگەکانیان بە لاسایی کردنەوە لە ئەشکەوت، لە ژێر زەوی دروست دەکردو پلەکانێکی درێژ پرستگەکەی دەگەیاندە سەر عەرز، ئەم پرستگەگەلە هیچ پەنجەرەو شتی وایان نەبوو. لە گۆڕەپانی پرستگەکەدا ئاگردانو ئاودان و شتانی دیکە هەبوو.»
دوکتور بەهار هەر لەم دەقەدا (واتە لە ئوستوورەوە تا مێژوو) ئاماژە بەوە دەکات کە تەنیا ئەو پیاوانەی کە گەییشتوونەتە تەمەنی گەورەساڵی دەتوانن لە رێوڕەسمی میتراییدا بەشداری بکەن و مێرمنداڵان بۆ ئەو مەبەستە واتە بەشداری لە ریورەسمی میترایی، بە شێوەی شەڕڤان (بە لاسایی کردنەوەی میترای شەڕڤان) پەروەردە دەکرێن. بە هۆی ئەم بەڵگەگەلە دەتوانین بڵێن ئەو شێوەی تەربیەتە کە بۆ مەم و بەنگینە باس کراوە ئاسەواری ئایینی میترایی پێوە دیارەو ئەم گومانە بە ئاوردانەوە بە درێژەی بەیتەکە بە هێزتر دەبێ، مەمو بەنگینە بە شێوەیەکی بە هەڵکەوت پەنجەرەیەک بەرەو دەرەوەی ژێرخانیان بۆ دەر دەکەوێت:

تیشکی رۆژ هاتە ژوورێ، ئەستەغفروللا گوتیان ئەوە خوڵایە مامۆستای وان لە وێ نەبوو هەر ئامێزیان لە تیشکی وەدەر هێنا بۆیان نەدەگیرا… گوتیان ئەوە خوڵایە هاتۆتە نێو مە…

مامۆستا هێمن تەنیا باسی ئەوە دەکات کە ئەم بەشە، تەورات و حیکایەتی ئیبراهیمی پێغەمبەرمان وەبیر دێنێتەوە. بەڵام ئەو حیکایەتەی تەوراتیش خۆی بەستراو بە ئایینی بەربڵاوی پەرەستنی میتراو خۆرخودایە کە لە هەر وڵات و شارستانیەتێکدا ناوێکی جیاوازی لە سەرەو لە رێگەی ریوایەتە ئوستوورەیەکانەوە چۆتە نێو دەقە پیرۆزەکانی تەورات و قورعانیش

لە درێژەی بەیتەکەدا باسی هاتنە دەرەوەی مەم و بەنگینە دەکرێ و مشتومڕی مەم لە گەڵ بابی لە سەر ئەوەی کە حەوت رۆژی دیکە بمێنێتەوە یان حەوت مانگ. دیارە حەوت خۆی ژمارەیەکی پیرۆزەو قۆناغەکانی هەنتەش لە ئایینی میتراش حەوت قۆناغەو لە زۆربەی چیرۆکە کۆنەکانی دنیادا چەند ژمارەی پیرۆز هەیە وەکوو سێ، چوار، دوازدەو چل و لە مانەدا حەوت لە هەمووی زەقترە. هەرکام لەم ژمارەگەلە بۆ ئینسان مانایەکی هەبووەو بەو بۆنەوە جلی پیرۆزیی لە بەر کردوون.

بەیتەکە دوای هاتنە دەرەوەی مەم و بەنگینە باسی یەکەم دیداری مەم‌وزین دەکات. لە بەیتە تۆمار کراوەکەی ئۆسکارماندا ئەو یەکەم دیدارە زۆر خەیاڵاوی و ئەفسانەییەو چیرۆکەکانی هەزارو یکشەوو دکامرۆنی بووکاچیۆو داستانەکانی جندۆکەو دێوو پەریمان وەبیردێنێتەوە واتە رواڵەتی رۆمانسەکانی سەدەی شازدەو حەڤدەی هەیە کە لە ئێران دا عەییارنامەکان بەو شێوازە بوون.

زمانی بەیت بێژ لەم بەشەدا دەبێتە زمانێکی مەوزوون و لێرە بەدواوە بە وردی هەموو وردەکاریەکانی ماجەراکە باس دەکات: شەوێک سێ پەری دێنە سەر کۆشکی مەم و دوای هێندێ قسە لە سەر جوانی مەم‌وزین، هەر لە شەودا زین لە جزیرە دەگوازنەوە بۆ کۆشکی مەم. شایەر ئەگەرچی ئەم گواستنەوە زۆر درێژە پێدەدات بەڵام زمانێکی شیرین و گێڕانەوەیەکی جوانی هەیە کە گوێگر دەباتە دنیای خەیاڵ و ئیزنی ئەوەی دەدات تا هەموو وردەکاریەکانی وتووێژی پەرییەکان و دیداری مەم‌وزین وەبەرچاو بێنێت. لێرەدا بەشێکی کورتی داستانی ئەو شەوە بۆ ئاشنا بوونی خوێنەر لە گەڵ زمانو دەربرَینی ناسکو خەیاڵاوی شایەر دەگێڕینەوە:

خالق هەر ئەتۆی لە سەرە
سێ پەری لە ئاسمانی حەوتەمین بەستوویانە لەنگەرە
لە سەر کۆشکی کاکە مەمی هەڵدەنیشن ئەوبەر ئەوبەرە
خوشکی گەورە دەڵێ بە خوشکی چکۆلە
خوڵاکەی خوشکی رومەتی کاکە مەمی زەریفە یان چراو فەنەرە؟
خوشکی نێوەنجی وای گوتیە
هەر لە عەرشی تا کورسییە
هەر لە گای هەتا ماسیییە
هەموو دنیام پشکنییە
هیچکەسم نەدیوە لە گوێن جوانی کاکە مەمییە…

ئەم بەشەی بەیتەکە بە هەموو جوانییە زمانییەکانیەوە لە ئەسڵی گێڕانەوە ئوستوورەیەکە دوور کەوتووەو تەنیا ماجەرایەکی خەیاڵاوی بەیان دەکات. بەڵام مەم‌وزینی خانی لەم بابەتەوە جیاوازەو لەوە دەچێ بە رێگای رەسەنی گێڕانەوەکەدا چووبێ، چون ئەو رەوتەی کە باسمان کرد (واتە گێڕانەوەی ژیانی ئینسان لە سەرەتاوە تا گەیاندنی بەو شوێنەکە مەبەستی ئوستوورەکەیە) لە گوتنەوەکەی خانیدا نەپچڕاوەو چۆنییەتی یەکەم دیداری مەم‌وزین پێوەندی سەدی سەدی لە گەڵ رەوتی ئوستوورەیی پاش و پێشی خۆی هەیە.

خانی مەم‌وزینی لە جێژنی نەورۆزدا تووشی یەکتر کردوە. ماجەراکە بە گشتی وایە کە مەم و تاژدین بە جلی کچان دەڕۆن بۆ جێژنی نەوروز، لەوێ چاویان بە دوو کوڕە لاوی جوان و چالاک دەکەوێ کە خەریکی زۆران و شەڕن و کەس نایانبەزێنێ. مەم و تاژدین وەدوویان دەکەون و بۆیان دەردەکەوێ کە ئەوانە کوڕ نەبوون بەڵکوو دوو کچی جوان بوون و هەر لەوێ عاشقیان دەبن، کچەکان ئەنگوستیلەی خۆیان لە گەڵ کوڕەکان دەگۆڕنەوەو دەگەڕێنەوە بۆ کۆشکی خۆیان.

جێژنی نەورۆز کە جێژنێکی بەهارییە بۆخۆی پێوەندی رەسەنی لەگەڵ خودای کوژراودا هەیە. رێوڕەسمی شینگێڕان بۆ خودای کوژراو لە سەرەتای بەهاردا ئەو کاتەی کە خەڵک چاوەڕوانی شین بوونی خاکن بەرێوە چووەو جادوویەکی لاسایی کەرانە بووە بۆ هاندانو هەڵخڕاندنی ئیزەدی زەویو بەوجۆرە مەجبوور کردنی بەوە کە گیای لێوە شین ببێت و پیت و بەرەکەت بدات بە ژیای وەرزێری. لە دنیای ئوستورەییدا هەموو جێژنەکان پشت‌‏ئەستوور بە گێڕانەوەیەکی ئەساتیری لە شێوەی ژیان و تایبەتمەندیەکانی ژیانی ئینسانن، واتە جێژنەکان هەموو مەعنای تایبەتیان هەبووەو هیچ جێژنێک بێ پاڵپشتی مانایی و ئایینی نەبووە.

جێژن دەرخەری باوەڕە ئەساتیرییەکانی ئینسان و پێوەندیەکانی ئەو لەگەڵ خودایانی بەڕێوەبەری دنیاو هەروەها زمانی دوانی ئینسان لە گەڵ سرووشتدایە، بەو زمانە داخوازییەکانی خۆی بەرانبەر بە سروشت دەخاتە بەرباس و لە هەمان کاتدا ئەمەگناسی خۆی بە یاسا سروشتی و کۆمەڵایەتییەکان نیشان دەدات و ریز بۆ تەکووزەکان دادەنێت.

دەرچوون لە تەکۆزی باوو ئاساییو تێکدانی زۆربەی یاساکان کە تایبەتمەندی بەرچاوی زۆربەی جێژنەکانە لەراستیدا گەڕانەوە بە هەل‌ومەرجی ئاژاوەی پێشرۆژییە بە مەبەستی وەدیهێنانی پێویستی تەکۆزو دیسانەوە گەڕانەوە بە تەکۆزو یاساو پاراستنی جیدی تری. (ئەو تایبەتمەندیە لە نەورۆزدا لە بەڕێوە بردنی رەسمی میری نەورۆزی دەکەوێتە بەرچاو) تایبەتمەندیییکی دیکەی زۆربەی جێژنەکان هەڵپسێرانە کە لە دوو بواری زەمان و شوناس‏دا خۆی دەنوێنێ هەڵپسێرانی زەمانی لە رێگای سەماو هەڵپەرکێ و بێخودبون و هەڵپسێرانی شوناسی لە رێگای گۆڕینی جل‌وبەرگ و شاردنەوەی شوناس و کەسایەتی راستەقینەی نەفەرەکانەوە دەستەبەر دەبێ. ئەم گۆڕینە گۆڕینێکی جیاوازو تایبەتە، جار هەیە جلی گیانلەبەرە جۆراوجۆرەکان لە بەر دەکرێ و دەمامکی جانەوەرەکان لە سەر دەکرێ، جاریش هەیە جێگای ژن و پیاو دەگۆڕدرێ واتە ژنان جلی پیاوان لە بەر دەکەن و پیاوانیش جلی ژنان ئەم جێگۆڕکێ دەبێتە هۆی نەناسراوی و جۆرێک لە هەڵپسێرانی شوناسی دەخولقینێ.

لە چیرۆکی مەم‌وزینیش‏دا ئەم تایبەتمەندیە هەیە، مەم بە جلی کچان و زین لە بەرگی کوڕان‏دا بۆ یەکەم جار یەکدی دەبینن.

دوای ئەم ناسینەش ماجرای دڵداری مەم‌وزین دەست پێدەکات و پاشان ڕۆڵگێڕانی ئەکتەری شەڕ خولقێن یان دژەپاڵەوانی چیرۆکەکە واتە بەکر کە راوێژکاری ئەمیرەو بە هۆی کارتێکدانی ئەو، دوو دڵدار لە یەکتر دوور دەکەونەوە. بوونی دژەپاڵەوان ئەگەرچی بۆ گەیاندنی چیرۆک بە لوتکەی کاریگەری هەستیارانە گرینگەو هیچ چیرۆکێکی سەر کەوتوو نییە کە دژەپاڵەوانی تیا نەبێ. بەڵام لە باری ئوستوورەییەوە بە ئاوڕدانەوە لە ئەسڵی ئوستوورەکە بۆمان دەردەکەوێ کە دژەپاڵەوان بوونی نییەو دواتر بۆ پاساو دانەوەی دابڕانی مەم‌وزین هاتۆتە ناو چیرۆکەکە. کاتێ لە روانگەی ئوستوورەییەوە چاو لە چیرۆکەکە بکەین و بزانین ئەم چیرۆکە گێڕانەوەیەکی کوردی لە ئوستوورە ئیشتارو تەمووزە، رەت کردنی خواستی زین لە لایەن مەمەوە نەتەنیا شتێکی سەیرو سەمەر نییە بەڵکوو دەرخەری دەقاودەقی دوو گێڕانەوەکەیە. هەر ئەو جورە کە پێشتریش باسمان کرد لەم بەشەی چیرۆکەکەدا میرزینەدینی برای زین سێ‏‌جار زین پێشکەش دەکاتە مەم و ئەو هەر سێ‏‌جارەکە دەڵێ نامەوێ ئەم رووداوە لە دەرەوەی بەستێنی ئوستوورەییەوە شتێکی نەگونجاوە بۆ چیرۆکێکی دڵداری. بۆیە ئەکتەرێک بە ناوی بەکر وەکوو دژەپاڵەوانی چیرۆک ئەم کردەوەی مەم پاساودەداتەوە، بەوشێوە کە ژنانێکی بەکرێگیراو رادەسپێری کە بە مەم بڵێن زین نەخۆشینی پیسی هەیەو لەو رێگایەوە رای مەم بەرانبەر بە زین دەگۆڕێ.

دوای ئەمەش تۆڵە کردنی برای زین روودەدات کە لە واقێعدا هەمان تۆڵەکردنی ژن-خودایە، مەم زیندانی دەکریو بەرەو لووتکە چوونی چیرۆکەکە لێرەوە دەستپێدەکات. گرفتار بوونی مەم لە گرتووخانەو شینو ناڵەی زین لە دووری ئەو بە راستی جوانترین و کاریگەرترین بەشی مەم‌وزینە (بە تایبەت لە گێڕانەوەکەی خانی‏دا) زمانی ناسکی خانی لەم بەشەدا سۆزو تاوێکی بێ‏وێنەی هەیە. بۆ ئەوەی خوێنەریش چێژێک لەو دەقە ببات بەشێکی کورتی لێرەدا دەخەینە بەرچاو، زین بەم زمانەوە گلەیی لە گردوونو چارەڕەشی خۆی دەکات:

ئەو زینی بە دوایی دڵ گرفتار
ئارامی لە لا نەما بە یەک جار

بێ هێزو توان و دەستەو ئەژنۆ
هەر مەم مەمی بوو بە دادو رۆڕۆ

دەتوایەوە بۆی دڵی رەقی بەرد
لاواز ببوو ببوە موویەکی زەرد

گەر لێی نەدەبووەوە هیچ دەرووی روون
هاواری دەکرد چەرخی گەردوون

چم کردوە بۆچی بوویە دوژمن
تۆڵەی چ دەسێنی دێیتە گژ من

مەم ببوە بەشم ئەوەند بە قینی
هێشتا بە منت روا نەبینی

تۆ تاقە مەمێک بە زۆر بزانی
لێم بدزی برادەری دەزانی؟ !

بۆ توشی کچێکی وەک منت کرد
سووچم چ بوو پاشی بۆ ونت کرد

دوو دڵ کە بە ئاگرت پڕووکان
چیت پێ گەیی تۆ جگە لە تووکان

لای هەرکەسێ بەزم و پێکەنینە
هەر لای من و مەم شەپۆڕو شینە…

ئەم بەشەی چیرۆکی مەم‌وزین بەراستی زۆر جوانە بەڵام لێرەدا باسی ئێمە شتێکی‏ دیکەیەو خوێندنەوەو چێژ بردن لە دەقە بەرزەکەی خانی دێڵینەوە بۆ خوێنەر.

مەم لە گرتووخانە دەمرێت و زینیش کە بەرگەی خەمی مەرگی مەم ناگرێت لە داخی مەرگی دڵدارەکەی دەمرێت و پێش لە مردن لە برای خۆی داوا دەکات کە وەکوو بووک و زاوا جێژن و ئاهەنگیان بۆ ساز بکات و چۆن بۆ خاتوو ئەستێی خوشکی کردوویە بۆ مەم‌وزینیش شارو دێ بڕازێنێتەوە.

لێرەدا ئوستوورەکە دەگاتە ئاکامی نیهایی خۆی واتە بەڕیوەبردنی رێورەسمێک بۆ خودای روەکی و رێزنان لە ژیانی وەرزێری بە مەبەستی کاریگەری زیاتر لە سەر سروشت بۆ پیت و بەرەکەت بەخشین بە خەلەو خەرمان. هەر ئەوجۆرە کە پێشتریش باسمان کرد ئوستوورەو ئاییین پێوەندی راستەوخۆیان هەیەو هەر ئوستوورەیەک بەسراوەی ئایین و رێوڕەسمێکی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتی تایبەتەو لە واقێع‏دا بە ئایینەکان مانا دەبەخشێو لە رێگای گێڕانەوەی هۆکاری خولقان‏و وەبیرهێنانی گرینگی ئایینەکان سنوورەکانیان دەپارێزی. ئایینی ئیزەدی کوژراو کە لە بەهاردا بەرێوەدەچێ سەرەتا بە شین‏گێڕان بۆ ئیزەدی نێژراو دەست‏پێدەکات و پاشان شادی و سەما بۆ روانی دوبارەی ئەم ئیزەدە لە خاک.

شایی و ئاهەنگێک کە زین داوای دەکات هەمان جێژن و شادییە ئایینییەکەیە، واتە لە رەوتی گۆڕانی ئوستوورە بە چیرۆکێکی هەستیارانەی دڵداری، شایی و ئاهەنگە ئایینیەکە رواڵەتێکی سۆزمەندانەو دراماتیک بەخۆ دەگرێ.

لە دواهەمین بەشی چیرۆکەکەش‏دا چقڵی مەموزینان لە سەر مەزاری ئەو دوو دڵدارە دەڕوێت و رۆڵی مەم وەکوو ئیزەدێکی روەکی دەسەلمێنێ. شایانی ئاماژەیە کە مەرگی زین لەم بەشەدا رووداوێکی رەسەن نییەو دواتر چۆتە ناو ئوستوورەکە. واتە رۆڵی ژن-خودا لەم ئوستوورەیەدا زیاتر رۆڵێکی ستمکارانەو هەوەسبازانەیەو ئەگەرچی (بە لە زیندان کردنی ئیزەد کە خوازەیەکە بۆ چاندنی تۆم) کاریگەری ناڕاستەوخۆی لە پیتاندنی زەوی‏دا هەیە بەڵام بەرەکت بەخشی ئەکسیۆنی راستەوخۆی ئیزەدی کوژراوە.

ئاکام گیری:
چیرۆکی مەم و زین پاشماوەی ئایین و ئوستوورەیەکی کۆنی ناوچەی روژهەڵاتە و ئەگەرچی وەکوو چیرۆکێکی دڵداری خۆ دەنوێنێ بەڵام هەبوونی چەند تایبەتمەندی سەرەکی کە لەم بابەتەدا باسکرا دەرخەری ئەو راستیەیە کە ئەم چیرۆکە پاڵی داوەتەوە مێژوویەکی چەندهەزار ساڵەوە. ئوستوورە یەکێک لە بەڵگەکانی شوناسی هەر نەتەوەیەکەو هەبوونی گێڕانەوەیەکی کوردی لە ئایینێکی وەها کۆن سەلمێنەری مێژوی شارستانیەت لە کوردستاندایە
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit