ئاڵەکۆک

میرزای لوڕستانی add_a_photo
میرزای لوڕستانی مەمو ئالانی
٣٦. پوختەی چیرۆکی مەم و زین
زینەدین، میری بۆتان، دوو خوشکی ھەیە بە ناوەکانی «زین» و «ستی» (Sitî) کە لە جوانیدا بەناوبانگن. «تاجدین» یەکێک لە پیاوانی ژێردەستی میرە کە زۆر لەلای خۆشەویستە. تاجدین برادەرێکی ھەیە کە لە برا نزیکترە لێی و ناوی «مەم»ە. ئێوارەیەکی نەورۆز کە ھەموو خەڵکی گوندەکە لە دەرن و خەریکی جەژن و گۆبەندن، مەم و تاجدین جلی کچانە لەبەر دەکەن.

تاژدین و مەم ئەو دوو شێر دڕانە
پۆشیان شمەک و جلی کچانە

ھەوری لە ملان بە ئۆیە دەسماڵ
تافتە کوڵەجە کراس و لێو ئاڵ

کاکۆڵ بوو ببوو بە بسک و پەرچەم
ھەر دوو کچی قۆز ئەگەر ببا مەم!

ھەر بۆیە بوو کەس ئەوان نەناسێ
باش گوێ دەنە بەزم و دەنگ و باسێ
'هەژار'

زین و ستیش جلی کوڕان لە بەردەکەن و...

بێوێنە دو کوڕ، دوو تازە لاون
سێبەنگی برۆن و مەستەچاون

یەک ڕەنگ و شمەک گەلێ تەیارن
بێگانە و ڕەنگ نەناس دیارن

باڵا کەڵەگەت نیان و نەرمن
تا چاو دەیەوێ بە ناز و شەرمن

ھەر لەو جێ کە چاو کەوت بە چاوان
یەکجێ فڕی ھۆش و دڵ لە تاوان

فرمێسک ئەڕژان لە چاوی تاژدین
مەم بوو بە بەفر لە تاوی ھاوین
'هەژار'
... .
بوو ڕانی ستێ سەرینی تاژدین
جێی گرت سەری مەم لە باوەشی زین

لێویان دەخشاند بە کوڵم و خاڵا
چاوتێر نەدەبوون لە بەژن و باڵا
'هەژار'
تاجدین و مەم دەیانەوێ پێکەوە بڕۆنە داوای ستی و زین، بەڵام پێیان دەڵێن کە بەیەک جار دوو کچی ماڵێ بە شوو نادرێن. مەم و تاجدین بڕیار دەدەن کە سەرەتا تاجدین بڕواتە خوازبێنی و پاشان مەم. میری بۆتان لە خوازبێنیی تاجدین خۆشحاڵ دەبێ و ستی و تاجدین زەماوەند دەکەن.
دوای دەمێک ڕۆژێک میر دەچێ بۆ ڕاو و بە ھەموو خەڵکی گوندەکە دەڵێ لەگەڵیدا بێنە دەرەوە. مەم و زینیش کە ماوەیەکە لە یەک دوور کەوتوون و لە عیشقی یەکدا دەسووتن، لە باخی میردا یەکتر دەبینن. ئێوارە کە میر و ڕاوکەران دێنەوە، بەسەریاندا دێن، کە بە ھێژایی تاجدینەوە، میر ئاگادار نابێ. بەڵام پاش ماوەیەک «بەکۆ» (بەکر) وەزیری زاڵم و دڵپیسی میر، ڕازەکە لای میر ئاشکرا دەکات.

میر بەستی بە دەستی خۆی دەسی مەم
تاژدین بەری چاوی گرت تەمی خەم

خونکار، مەمی دایە دەستی دژدار
زیندان بووە جێگە بۆ مەمی ژار

ئەو شارە ھەمووی، جوان ھەتا پیر
بۆ گرتنی مەم پەشێو و دڵگیر
'هەژار'
ماوەیەک مەم لە گرتووخانە دەبێ. تاجدین و براکانی بۆ شفاعەت دەچن بۆ لای میر. میر دەڵێت:

گەنجینەم و ھەژدیھامە تاژدین
تاریکە شەوم، چرامە تاژدین

خۆی دانێ وەکوو برابەشی من
زین و مەمی ویستووە، پێشکەشی بن
'هەژار'
بەڵام پێش ئەوەی ھەواڵی بەخشینی میر بگات بە مەم، بەکۆ ژارئاوی پێدەدات. کاتێک زین ھەواڵەکە دێنێت بۆ مەم، مەم گیانی تیا نەماوە.

ئەی مەم وتی: بۆت گەلێ بەتاسەم
گیان بێنەوە بەر بە بای ھەناسەم

بۆی ژیاوە مەمۆ بە گفتی زینێ
بووژایەوە بەش بڕاو لە ژینێ

ھەر چاوی کەوت بە مەستی چاوی
تین ھاتەوە بەر دڵ و ھەناوی
'هەژار'
مەم ئەوەندە نامێنێت و لە ئامێزی زیندا دەمرێ.

شینی زین بۆ مەم

هەی ڕۆ ئەمڕۆ ڕووی، شین و ڕۆڕۆمە
کە مەم ڕۆیی ڕووی، پەژارەی خۆمە

ئەم زوڵفە لوولەم، بۆ مەم شانە کرد
دەک فەلەک کوێر بێ، بۆنێکی نەکرد

ئەم خاڵ و میلە، من بۆ مەمم ڕشت
پەیمانم وایە، بۆی بەرمە بەهەشت

لێوم دانابوو، بۆ گفتوگۆی مەم
عەهدە تا مردن، واتەی پێ نەکەم

توخوا مەم، منت لە کوێ پەیدا کرد؟
گوناهم چی بوو، منت شەیدا کرد؟

هەر کەس هاوسەرێ، بۆ ژیان ئەگرێ
منت بۆیە ویست، لەبەرت مرێ

هەی خەجاڵەت بی چەرخی پڕ ستەم
هیچ شەرمت نەکرد لە نەوجوانی مەم

مەم لەژێر خاکا، بەمیوانت بم
بە برامەوە بەقوربانت بم

ناچارم بێ تۆ، ژیانم نابێ
وا بڕیمەوە، هەر ئەبێ وابێ

لەناو دوخمەدا، دوو جێگا ئەبێ
زاوا و بووکێنی، لە خاکا ئەبێ

ئای مەم، دەستی مەم، نەگەیشتە تۆ
وا نووکی خەنجەر، بوو بە سزای تۆ

خەنجەر بۆ دڵە، گەر ڕاستت ئەوێ
ئاخ مەمی تیایە، نەک بەری کەوێ

ئەی سینە بگرە، خەنجەر بۆ تۆیە
هەرچی زۆر جوان بێ، هەر ڕەنجەڕۆیە

بە بەرگی خوێنی، شایی ڕەنگەوە
بە سۆز و ناڵەی، خۆش ئاهەنگەوە

با دەست لەمل کەین، مەم یەکجارییە
نە ڕای بێگانە، نە بەدکارییە

ئاخ بۆ دەنگخۆشێ، لە ژوور سەرینمان
بە بەیتی کوردی، بدا تەڵقینمان

بڵێ ئاخ دڵی، دڵخواز مەشکێنن
بە زۆرەملی، کچان مەمرێنن!

پیرەمێردی نەمر، دیوانی پیرەمێرد، بەرگی دووەم، پێداچوونەوەی: ئومێد ئاشنا، لاپەڕە ٢٥٧و٢٥٨.
زین بەزەیی بە بەکۆدا دێ و ئازادی دەکات. زین لە شینی مەمدا خۆی دەکوژێ و تاجدینیش بەکۆ دەکوژێ. مەم و زین لەپاڵ یەکدا و بەکۆش لە خواری ئەواندا دەنێژن.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit