ئاڵەکۆک

حەمەعەلی مەدهۆش add_a_photo
مەدهۆش یانەی دڵان
٧. لەگریانام
لەعەشقى خاڵى لێوانت بەقوربان من لە گریانم
بەشوعلەى کوڵمى ئاڵت هەروەکو زوڵفت لەسووتانام

ئەزانى من بەدەورى کوڵم و زوڵف و گەردنى تۆدا
وەکوو بولبوا ئەخوێنم، تا لە باخى شێوە جوانانم

بە گیان و ماڵەوە قوربانى باڵات بێ ئەڵێى سەروە
هەواڵم گەر ئەپرسى من لە باوى عەشقى جارانم

لەسایەى یادى لێوى پرش لە خەندەى تۆوە سەرخۆشم
بە خۆشى چاوى تۆوە، بێ خەمم، دایم لە سەیرانام

لەخۆشى و شادى یو بەزما ئەگەر چى من لە دڵتا نیم
لە ئێش و دەردو گریانا، هەتا مردن لەگەڵتانام

ئەگەر داوا بکەم ماچێ لەسەر گۆنات، ئەتۆرێى لێم
دڵیش بێ شەرمە ناوەستێ، لەبەینى بێ قەرارانام

سرەوتم لانەماوە، هەروەکو پەروانە فڕکەم دێ
بەشەو بێدارو ئێشکچیم لەبەردەرگاى نیگارانام

بەچەشنێ عەشقى تۆ تەئسیرى تێ کردووم کە نازانم
بەشێتى یاخۆ (مەدهۆشى) لەبەردەمتا لەدەورانام

١. ئەم پارچە شیعرە لە ڕۆژنامەی (ژین) و لەکۆمەڵەی (شیرین)دا بڵاوکراوەتەوە.
١٩٤٠
حەمەعەلی مەدهۆش، یانەی دڵان (شیعر)، چاپی سێیەم - ٢٠٠٦

پەراوێز edit