ئاڵەکۆک

حەمەعەلی مەدهۆش add_a_photo
مەدهۆش یانەی دڵان
٦٥. لەگەڵ تۆمە
کچی جوان من ئەگەر بێ کاروبار ماوم، لەسەر تۆیە
ئەگەر تێھەڵدراوم، دڵ شکێنراوم، لەبەر تۆیە
بەیانی تاکو ئێوارە بە چاوەڕوان لەبەر دەرگام
بەشەو تاکو بەیانی بێخەون چاوم لەسەر تۆیە

ھەموو خزمان و دۆستانم لە من تۆراوو لالووتن
لەلای بێگانەو یاران کە بەدناوم لەسەر تۆیە
دەمێ کۆڵان بە کۆڵان ھەروەکوو دز خول ئەخۆم بێدەنگ
دەمێ یاساوڵی سەر ڕێگە وەستاوم لەسەر تۆیە

کە یاران پێم ئەڵێن تۆ بۆچ وەھات لێ ھاتووە بەدبەخت
لەشەرما ھەروەکو بت، بێ وەڵام ماوم لەسەر تۆیە
بەبەردەرگاکەتا تێپەڕ ئەبم سەیرێکی ڕووم ناکەی
لەلای ووردو درشتی ناوچە ناسراوم، لەسەر تۆیە

دەبا جارێک بڵێی فەرموو، وەیا جارێک بڵێی لاچۆ
لەسەر وورتەی وەڵامێکا کە داماوم، لەسەر تۆیە
بە چاوی سووکەوە سەیرم مەکە، نرخم لەسەر دانێ
بە یاری تۆم ئەزانن خەڵکی، من ناوم لەسەر تۆیە ١

١. کە بەناو ڕەشنووسە کۆنەکانما ئەگەڕام بۆ ھەڵبژاردنی ھەندێکیان تا بیانخەمە ناو ئەم کۆمەڵەوە. ئەم پارچەیە یەکێ بوو لەوانەی دڵم گرتنی.
١٩٦٣
حەمەعەلی مەدهۆش، یانەی دڵان (شیعر)، چاپی سێیەم - ٢٠٠٦

پەراوێز edit