ئاڵەکۆک

حەمەعەلی مەدهۆش add_a_photo
مەدهۆش یانەی دڵان
٦٤. شەوی بەرات
ئەمشەو شەوی بەراتە
شەوی خۆشی و خەڵاتە

وا مناڵان ئەگەڕێن
دەس بە دەرگاوە ئەنێن

منیش ھاتوومە دەرگات
تا بەرم کەوێ بەرات

ئەمشەو شەوی بەراتە
شەوی خۆشی و خەڵاتە

بەراتی من جیایە
نە فلس و نە خورمایە

لە باتی فلس و عانە
سەیرێکی ئەو چاوانە

لە باتی دەنکە نوقوڵ
زەردەخەنەی لێوی گوڵ

تۆش دڵی من مەشکێنە
وەرە دەرێ بمدوێنە

بەو دەست و پەنجە جوانە
یەک نامەی بچکۆلانە

بینووسە لە پەناوە
گەر ڕێ نەبوو بیهاوە

بۆ ئەم دڵە بێکەسە
بەرات ھەر ئەوەم بەسە

وەک یاسین ھەڵی ئەگرم
ئەیخوێنمەوە تا ئەمرم

بەو خێرە لای کردگار
دوعام ئەکەوێتە کار

ئەوەندەی تر جوان ئەبی
ڕوو سووری جیهان ئەبی

ئەم شەو شەوی بەراتە
شەوی خۆشی و خەڵاتە ١

١. ئەم پارچە شیعرە لە کۆمەڵەی (دڵی کچان)دا بڵاو کراوەتەوە.
١٩٦٣
حەمەعەلی مەدهۆش، یانەی دڵان (شیعر)، چاپی سێیەم - ٢٠٠٦

پەراوێز edit