ئاڵەکۆک

حەمەعەلی مەدهۆش add_a_photo
مەدهۆش یانەی دڵان
٦٣. ئاخ پەنجەت
بەوەم زانی کە دەرزی چوو بە دەستا
کە چاوتم دی لە جەرگم کسپە ھەستا

ئەوەندەی خوێن لەبن نینۆکی تۆ ھات
ئەوەندەش خوێن لە چاوی من نەوەستا

لە داخی ئەزیەتی ئەو پەنجە جوانەت
ئەجەنگم من لەگەڵ دەرزی و مقەستا

دڵی من ناسکە وەک دەست و پەنجەت
دڵی تۆ زۆر ڕەقە وەک دەستی وەستا

سەرت داخستبوو پەنجەت ئەجووڵان
دەمم بەست و لە چاوم فوارە ھەستا

ھەتا من ھەم لەبەر چی خۆت جل ئەدووری
ھەموو فرمان و فەرمان وا لە دەستا

بە خۆشی تۆ خەیاتییم لا پەسەندە
دەسم لێ بەر نەداوە تاکو ئێستا ١

١. ئەم پارچە شیعرە لە کۆمەڵەی (دڵی کچان)دا بڵاوکراوەتەوە.
١٩٦٢
حەمەعەلی مەدهۆش، یانەی دڵان (شیعر)، چاپی سێیەم - ٢٠٠٦

پەراوێز edit