ئاڵەکۆک

حەمەعەلی مەدهۆش add_a_photo
مەدهۆش یانەی دڵان
٦٢. سەرمەشقێک بۆ سامانی کوڕم
کەوێ لەسەر بارەدار
کە ئەیانهێنا بۆ شار

وتی بەو کەرەی ژێری
تۆ بە بارھێنان فێری

ئەمەندەت بار ھێناوە
ھەموو پشتت ڕووشاوە

من ھەمیشە لەسەر شاخ
ئەخوێنم زۆر بە دەماخ

بۆ کام جێ خۆشە ئەڕۆم
کام ئاوێ سازە ئەیخۆم

یا لەبەر دیوە خانام
لەناو قەفەزی جوانام

کەرەی ھەژاری ژێر بار
بەم جۆرە ھاتە گفتار

من پێم خۆشە ژێر بار بم
نەوەک پیاوی زۆر دار بم

بێگانە بمبا بۆ ڕاو
برای خۆم بخەمە داو

ڕەنگە پێم بڵێی کەرە
پێی خۆشە کە باربەرە

کە مرۆڤ مافی نەبێ
کەر لە کوێ ڕزگار ئەبێ

من ئەژیم بە ڕەنجی شان
لەشم سووکە بۆفرمان

تۆ سەربەست لە دایک بوویت
بەڵام بە دیلی مردوویت ١

١. لە کۆمەڵەی (شیرین)دا بڵاوکراوەتەوە.
١٩٦٢
حەمەعەلی مەدهۆش، یانەی دڵان (شیعر)، چاپی سێیەم - ٢٠٠٦

پەراوێز edit