ئاڵەکۆک

حەمەعەلی مەدهۆش add_a_photo
مەدهۆش یانەی دڵان
٦٦. گلەییەک
خۆشەویستەکەی تاقە دڵدارم
ڕووناکی دڵەی پڕ لە ئازارم

ئەزانی ئێستەش لە جاران زیاتر
دڵ بۆت ئەسووتێ وەک پشکۆی ئاگر

کەچی داخەکەم گیانی شیرینم
لەو مەیلە گەرمەت ساردی ئەبینم

ھیچ ھەواڵێکت بەلاما نایە
ھەروەک لەبیرت نەمابم وایە

سەرەڕای دیلی و دارکاری و جنێو
کە بۆتە مووچەم لە ناشتاو لە شێو

ھێشتا یادی تۆ ھەر لە دڵمایە
دووریی تۆ زیاتر ئاگری تیایە

لە ھەموو کاتێ ھەر چاوەڕوانم
کە ھەواڵێکی لای تۆ بزانم

بەڵام تۆ وەکو بە دڵتا نەیە
بزانی جێی من بەندیخانەیە

ناتەوێ ھەرگیز سەرێکم لێ بەی
لای کەسەکانت بیانوویەک ڕێک خەی

ئەزانم ئەگەر خۆت بتویستایە
بیانوو زۆر ھەبوو کە سەرت بایە

گوایە نیشانەی دڵداری چییە
چۆن بڵێم ئەمە خۆشەویستیە

کوانێ دڵسۆزی و بەڵێنەکانت
کوانێ ھات وچۆی گەرمی جارانت

ئەو پەیمانانەی جارانت کوانێ
چۆن دڵ بتوانێ تۆ بە دۆست دانێ

بێگانە دڵی بۆ من سووتابێ
دڵی تۆ نابێ بەزەییی تیا بێ

گیانەکەم بە خوا گلەییم زۆرە
داخی دووری تۆ ھەمووی ناسۆرە

ئەمجا چۆن ڕووت یەت کاتێ کە بەربووم
بۆ چاوەڕوونی بێیتە بەرو ڕووم

چی بیانوویەکم بۆ یەنیتەوە
کە ئەم گلەییەم بیر بەرێتەوە

چی بکەم سەد دەردت لەدەس بچێژم
ھێشتا ناتوانم کە پێت بڕێژم

بە خۆشەویستیت ھێندە ئەسیرم
ناوێرم بڵێم ھەر لێت دڵگیرم

خۆت باش ئەزانی خۆم ناتۆرێنم
چونکە ناتوانم وازت لێ بێنم ١

١. ئەم پارچە شیعرەم لە کۆمەڵەی(دڵی کچان) و پێشتریش لە ڕۆژنامەی (هاوکاری)دا بڵاوکراوەتەوە.
١٩٦٣
حەمەعەلی مەدهۆش، یانەی دڵان (شیعر)، چاپی سێیەم - ٢٠٠٦

پەراوێز edit