ئاڵەکۆک

حەمەعەلی مەدهۆش add_a_photo
مەدهۆش یانەی دڵان
٥٩. خۆت مەشارەوە
خۆت مەشارەوە
یاری منی..
گوڵێکی نازداری منی..
دەرمانی ئازاری منی

فەرموو ئەوە گیان، ئەوە ماڵ
ھەرچی بڵێی ئەیکەم بە ساڵ
ھەر خۆتم لێ مەشارەوە
دام مەنێ بەو ئازەرەوە

بەرگەی ھەموو دەردێ ئەگرم
کە پێم بڵێی بمرە، ئەمرم
با ڕوو گرژ بی، با مۆن بی
با دڵی خۆت ویستی چۆن بی

چی ترش وتاڵە پێم بڵێ
شەرتە من ھەر بڵێم بەڵێ
ھەر خۆتم لێ مەشارەوە
مەمگێرە بەم ئازەرەوە

ئەزانی کە ون ئەبی لێم
من چەند بەدووتا ئەگەڕێم
چەند وێڵ وسەرگەردان ئەبم
چەند تووشی ماخۆلان ئەبم

ھەزار بیانوو ئەخەمە ناو
کە تۆی پێ بێنمەوە بەرچاو
تکایە خۆت مەشارەوە
دەرکەوەو ئاشت مەبەرەوە ١

١. لە کۆمەڵەی (دڵی کچان)دا بڵاو کراوەتەوە.
١٩٦٢
حەمەعەلی مەدهۆش، یانەی دڵان (شیعر)، چاپی سێیەم - ٢٠٠٦

پەراوێز edit