ئاڵەکۆک

حەمەعەلی مەدهۆش add_a_photo
مەدهۆش یانەی دڵان
٦٠. چاوو ڕاو
لەلای باوکی ئەڵێ (مەدھۆش)کوڕێکی چاک و وریایە
زمانی خۆشە، ھەرزانجانە، ئیشی جوانە، وەستایە

لەلای دایکی ئەڵێ(مەدھۆش)بەڕاستی زۆر قسەی خۆشە
خەمی دنیای نییە، زۆر دڵتەڕەو، دایم لە سەرخۆشە

لەلای خوشکی ئەڵێ(مەدھۆش)چ چاوباشقاڵ وشەیتانە
چ قینم لێیەتی ئێسک گرانەی زۆڵی زۆرزانە

لەلای کاکی ئەڵێ(مەدھۆش )لە کوێیە! خۆزگە ئەمناسی
ئەوەندەی ناو ئەبەن، مێشکم یەشێ، نە بڕایەوە باسی

لە لای پووری ئەڵێ(مەدھۆش)فەقیرەو خزمی خۆمانە
کە دیت ئەحواڵی پرسە نەک نەخۆش بێ ئەو بەسەزمانە

لە لای خەڵکیش ئەڵێ (مەدھۆش)ئەڵێن بۆ شەخسێ سووتاوە
بە جارێ حورمەت و ھۆش و دڵو گیرفانی داناوە

لەلای خۆشم ئەڵێ شێتی، عەزێتی خۆت نەدەی چاکە
لە جێی خۆت دانیشە، خۆت لێ نە گۆڕێ، ھۆشێ پەیدا کە

لەلای خوا چی بڵێ ئاخۆ دڵی خۆی چیی تری تیایە
منیش خۆشم ئەوێ بێ دەنگ، ئەویش ھەرچی بڵێ، وایە
١٩٦٢
حەمەعەلی مەدهۆش، یانەی دڵان (شیعر)، چاپی سێیەم - ٢٠٠٦

پەراوێز edit