ئاڵەکۆک

حەمەعەلی مەدهۆش add_a_photo
مەدهۆش یانەی دڵان
٥٨. یاری من
دڵم بۆ خۆش نەبێ ئەو دڵفڕێنە
کە ڕوخساری بە وێنەی بەفروخوێنە

ئەوەی لاوان بە ڕێز بۆی ڕائەوەستن
بە بێ شەرمی چەقی ڕێی لێ ئەبەستن

ئەوەی گوێی پڕ لە دەنگی ئۆف وئاخە
لە دەست ئەو ڕێ گرانەی دڵ بە داخە

ئەوەی سەیری ئەکەن ڕوو گرژو مۆنە
لە کەس ناپرسێ ئایا دەردی چۆنە

کەچی ھەر ئەو فریشتەی سەر زەمینە
بەرامبەر من دەمی پڕ پێکەنینە

ھەموو کاتێ لە گەڵما ڕووی گەزۆیە
بەڵێن وچاوەڕوانی و ھات وچۆیە

بەڵێ ئەوسا کە بینیم کاری خۆی کرد
سوپای جوانیی ھەتا بنکەی دڵم برد

ئیتر خولیا بوو لێم چۆنی بناسم
لە کوێوە تێی گەیێنم وا کەساسم

ئەبێ چۆن دەسەڵاتم بێ بە سەریا
کە بەرگی خۆشەویستی کەم بەبەریا

بەڵام ئێستا ئەمەندە شادمانم
ئەڵێی خاوەن کلیلی ڕووی جیهانم

لە خۆشیی نۆبەرەی'ئا'ی خۆشەویستی
لە خۆشیی ئەو دڵەی ئەو شۆخە ویستی

لە گەڵما ھاوبەشی دەردی ژیانە
لەلای وایە جیھان بێ من زیانە

ئەوا ئێستاکە نوقمی شادمانیم
لە بەختم زۆر ئەترسم تا بەیانیم ١

١. ئەم پارچە شیعرە لە گۆفاری(شەفەق)و لە کۆمەڵەی (شیرین)دا بڵاو کراوەتەوە.
١٩٦٢
حەمەعەلی مەدهۆش، یانەی دڵان (شیعر)، چاپی سێیەم - ٢٠٠٦

پەراوێز edit