ئاڵەکۆک

حەمەعەلی مەدهۆش add_a_photo
مەدهۆش یانەی دڵان
٥٧. یار تۆراوە
من ویارەکەم یەک دڵ وگیانین
لە خۆشی وخەمی یەکتر ئەزانین

لە گەڵ ئەوەشا ماندووی زۆرانین
خەریکی شەڕو بۆڵەو تۆرانین

لە پێش ئەوەدا کە ئاشت بینەوە
بۆ شەڕێکی تر کۆ ئەبینەوە

بەینی من وئەو ئەوەندە تێکچوو
ناوبژی کەریش پەست وماندوو بوو

بەڵێ ئەو عەشقەی کە تامی تیا بێ
لای من بێ گومان ھەر ئەبێ وابێ

دڵداریی گەرم وبەتین ئاوایە
لەمە بەولاوە پیشەی ساوایە

پلەی ئەندازەی دڵداری خەمە
چەند خەفەت بخۆی ھێشتا ھەر کەمە ١

١. ئەم پارچە شیعرە لە گۆفاری (ڕۆژی نوێ)دا ولەکۆمەڵەی (شیرین)دا بڵاوکراوەتەوە.
١٩٦١
حەمەعەلی مەدهۆش، یانەی دڵان (شیعر)، چاپی سێیەم - ٢٠٠٦

پەراوێز edit