ئاڵەکۆک

حەمەعەلی مەدهۆش add_a_photo
مەدهۆش یانەی دڵان
٥٦. بە جوانی مەنازە
کە من خۆشم ئەویستی تۆ نەزان بووی
وەکو بەرخۆلەیەکی بێ زمان بووی

ئەگەر من تۆم بە دەریادا بدایە
لە دڵتا وا بوو دڵداری وەھایە

منیش ھۆشم ھەموو لادایە لای تۆ
وەکوو گوڵ پێم گەیانی زۆر لە سەرخۆ

ھەتا ناسرایت وجوانیت کەوتە بازاڕ
وەکوو ھەنگ تێت ورووژا سووکە کڕیار

ئیتر کەوتیتە بیانوو بۆڵە کردن
لە ڕیزی دۆست فڕێت دام بووم بە دوژمن

لە پاش من چەندی کەیشت دەربەدەر کرد
گەلێکت تووشی خولیاو دەردی سەر کرد

بەڵام ئۆخەی شوکر ئەو جوانی یەت ڕۆی
ھەموو ئامانجی تۆی تێکدا لە گەڵ خۆی

ئەوەی سامانی تۆ بوو وا بەسەرچوو
کە جێگەی خۆی نەگرت، ڕۆیشت ودەرچوو

لە کاتێکدا کە تۆ کەوتویتە کز بوون
ھەزاران جوانی تازە پێگەیشتوون

ئەبێ تۆش داخی سەیری خەڵک بچێژی
ئەبێ فرمێسکی تەنیایی بڕێژی

چەکی جوانیت کە خەڵکی دیل ئەکرد بۆت
لە کیست چوو، بە تەنیا بگری بۆ خۆت ١

١. ئەم پارچە شیعرە لە کۆمەڵەی (دڵی کچان)دا بڵاو کراوەتەوە.
١٩٦١
حەمەعەلی مەدهۆش، یانەی دڵان (شیعر)، چاپی سێیەم - ٢٠٠٦

پەراوێز edit