ئاڵەکۆک

حەمەعەلی مەدهۆش add_a_photo
مەدهۆش یانەی دڵان
٥٣. من و یار
خۆشەویستەکەی دوێنێم
خۆشەویستی سبەینێم

چاکیتم لەبەر چاوە
جێم بە جیا بۆ داناوە

کەمن حەزم لە تۆ کرد
جوانیت بوو کەدڵمی برد

بە ڕەوشت و ھەستی بەفام
ھەمووت یەک یەک نیشان دام

منیش خۆم دایە دەست تۆ
بەم گڕەت بووم بە پشکۆ

نەبووی بە کۆسپی سەر ڕێم
ھێزت زیاتر ئەدا پێم

بە گریان ئەتترسانم
بە ترسان نەتگریانم

ڕۆژانی ناو زیندانم
ئازاییت ئەبزوانم

نەپاڕایتەوە لەکەس
وەک کەساسێکی بێ دەس

بەرامبەر وەردیانەکان
ھەروەکوو شێر ئەتنەڕان

کۆرت بە ژنان ئەبەست
ئەتوت ئەگەین بە مەبەست

نامەت ھەمیشە جوان بوو
ھەمووی پاڵ پێوە نان بوو

ڕابەری فرمانم بووی
دەنگی ھاوڕێکانم بووی

گیانە ئێستەشوسایە
چونکە باوەڕمان تیایە

شادمانین تا مردن
بە پاکی و خەبات کردن

جا پێویستە تێکۆشان
بگۆڕین وەکوو ژیان

لەباتی لەش و پەلمان
مێشک بخەینە فرمان

دوژمن لەسەر شانمان بوو
پەلی لەسەر گیانمان بوو

ئێستەش کە دەرکراوە
ھەزار داوی داناوە

پیلانی ئەخاتە کار
تا بێتەوە بۆ سەر شار

پێویستە زۆر ووردبین بین
چاوکراوەو بەتین بین

ئای چەند خۆشە تێکۆشان
تێکەڵ بن لەگەڵ فرمان

پێویستی بەرچاوت بێ
وەکوو نان و ئاوت بێ ١

١. لە کۆمەلچەی (شیرین)و پێشتریش لە گۆڤاری (ڕۆژی نوێ)دا بڵاو کراوەتەوە. بۆ سەبری خێزانمم وتووە. کامەران موکری لە داوێنیەوە لە گۆڤاری (ڕۆژی نوێ)دا نووسیبووی ئەبوو بۆ دایکتت بووتایە و ڕێزی لەو ھەموو مەینەتە گرتبوو کە دایکم بۆی کێشام و لە ساڵانێکی سەختدا زیندان بە زیندان بە دوامەوە بوو. شایانی ووتنە دایکم سامانێکی زۆری فۆلکلۆرو قسەی نەستەقی لەبەر بوو. بۆیە گفتم بە کامەران دا ئەگەر بۆم ھەڵسووڕێ ئەیاننووسمەوە.
١٩٦١
حەمەعەلی مەدهۆش، یانەی دڵان (شیعر)، چاپی سێیەم - ٢٠٠٦

پەراوێز edit