ئاڵەکۆک

حەمەعەلی مەدهۆش add_a_photo
مەدهۆش یانەی دڵان
٥٤. بۆ جوانێکی کڵۆڵ
ئەی تاقە شۆخی بێ کەس و لانە
بەر چەپۆک کەوتووی دەستی زەمانە

تەنیا پەپولەی ھیلاکی با ڕەش
زەرد ھەڵگەڕاوی ڕووخۆشی چاوگەش

ڕوومەت بە تۆزی مەینەت تەماوی
دڵبرینداری چاو فرمێسکاوی

شێوەی ژیانت وەکو ئاوێنە
لە ڕووتا دیارە بووە بە وێنە

نازانی چی بکەی کەوا داماوی
ھەرچەند کە ژیری، بەڵام ترساوی

ئەچیتە سایەی گەڵای ھەر دارێ
ئەبییە نیشانەی جۆرە پلارێ

دڵسۆزێ نییە کە ھاودەمت بێ
لەم گێژاوەدا یاری خەمت بێ

ئێستە ئەتەوێ بحەسێیتەوە
تۆزێ پشوو بەی، بگەشێیتەوە

ئەو ئاواتانەی پەروەردەت کردوون
لە گۆشەی دڵتا جێگەت بۆ گرتوون

ببووژێنەوە ھەروەکو جاران
بگەیتەوە ناو کاروانی یاران

منیش یەکێکم لەو ھاورێیانە
کە گەردوونی بەد قینی لێیانە

تا ئێستا ھەرچەند ھەنگاوم ناوە
دەستی ڕۆزگار ھێناومیە دواوە

ئێجگار زەبوون و بێ ھێزو پەستم
توخوا بێ دەستت بخە ناو دەستم

ئەم بەینە ببین بە ھاوڕێی گیانی
ھاندەری یەک بین بۆ کامەرانی

ھەتا ئامانجی دڵ دەسگیر ئەبێ
ھیچ نەبێ دڵمان لای یەک ژیر ئەبێ ١

١. ئەم پارچە شیعرە لە گۆڤاری (ڕۆژی نوێ)دا بڵاوکراوەتەوە. بۆ کچێکم نووسیووە کە بە ئیمزای (داخ لە دڵ)لە گۆڤاری ناوبراودا ئەینووسی. ئەم کچە پێشتر تەڵاق درا بوو وە شووی کردبوەوە و لە ساڵەشدا مێردی دووھەمی مردبوو تا ئێستاش کڵۆڵی بەری نەداوە.
١٩٦١
حەمەعەلی مەدهۆش، یانەی دڵان (شیعر)، چاپی سێیەم - ٢٠٠٦

پەراوێز edit