ئاڵەکۆک

حەمەعەلی مەدهۆش add_a_photo
مەدهۆش یانەی دڵان
٥٢. بۆ گیانی سەعدی
عەشقی گەلێ کەس وەک بولبول وایە
ما خۆلانێکی لە چوار پەلایە

لەم چڵ بۆئەوچڵ ئەسوڕێتەوە
لەسەر ھیچ چڵێ نامێنێتەوە

ھیچ وەفای نییە بۆ تاقە گوڵێ
بێ سەرەنجامە عەشقی زۆر بڵێ

من وەک پەروانەی پەڕ و باڵ سووتاو
بێ دەنگ لە دەوری چرای ھەڵگیرساو

لەوەش بەتین تر ھەر ئەڵێی مۆمم
ھەتا ئەسوتێم ھەر لە جێی خۆمم

بە درۆ نەبووم بە قوربانی کەس
خۆم نەداوەتە دەس ھەواو ھەوەس

تا ئێستاش ڕازی دڵم پەنھانە
دۆستم نەبۆتە تانەی بێگانە

خۆزگە ئەم عەشقەی لە کەللەمایە
بە ھۆنراوەیەک پوختەم کردایە

ئەوسا بە ڕاستی بایەخدار ئەبوو
لەلای ئەھلی دڵ وەک ڕۆژ دیار بوو

بەڵام داخەکەم کەشیعرەکانم
زۆر پەرێشانم وەکوو ژیانم ١

١. ئەم پارچەیە لە کۆمەڵەی (دڵی کچان)دا بڵاوکراوەتەوە. ھەوێنەکەی لەپارچە شیعرێکی بۆستانی سەعدی خۆیەوە وەرگیراوە.
١٩٦٠
حەمەعەلی مەدهۆش، یانەی دڵان (شیعر)، چاپی سێیەم - ٢٠٠٦

پەراوێز edit