ئاڵەکۆک

حەمەعەلی مەدهۆش add_a_photo
مەدهۆش یانەی دڵان
٤٩. گلەیی
بڕۆ ھەی دڵ رەقی زۆرزانی سەربەست
بڕۆ ھەی شەڕکەری بێ ترس ودەربەست
لە کوێوە وەک بەڵا بۆ من پەیابووی
لە بەر چی بوو منت تووش کرد کە وا بووی

ئەرێ تو خوا ئەمەندە چۆن ئەزانی
چ مامۆستایە ھێندەی تێ گەیانی
دڵت چۆن ڕێ ئەدا بەم جەورە فێری
لە خۆت چۆن ڕائەپەرمووی، وا ئەوێری

ئەوانەی پێت ئەڵێن سادەو ھەژارە
لە من پرسن زمانم زۆر لە بارە
ئەزانم چەند بزێوێ و چەند نەھەنگی
سنووری خۆت ئەزانی چۆن ئەجەنگی

ئەڵێم سەد ئاخ ئەوەندەی دڵ فڕێنی
ئەوەندەش بێ وەفایی و دڵ شکێنی
ئەوەندەی شارەزای ڕێگەی ژیانی
ئەوەندەش مەکری دڵداری ئەزانی

بەڵام من لەم مەبەستە، شینی خۆمە
کە باسی سەرزەنشتی کاری تۆمە
ھەزار دەردی سەرت ھێناوە بەردەم
کە چی سەیرم ئەکەی بێ دەنگ وبێ خەم

بە ڕاستی تاکو تووشی تۆ نەبوو بووم
وەکو سەیرم ئەکەی وا تێک نەچوو بووم
ئەوا دەرمان ودەردم دایە دەست خۆت
دە پێمان ڕابوێرە چۆن لوا بۆت ١

١. بۆ کچێکم وتووە کە بە ئیمزای (داخ لە دڵ)لە گۆڤاری (رۆژی نوێ)دا ئەینوسی لە کۆمەلەی (شیرین)وپێشتریش لە گۆڤاری (رۆژی نوێ)دا بلاو کراوەتەوە.
١٩٦٠
حەمەعەلی مەدهۆش، یانەی دڵان (شیعر)، چاپی سێیەم - ٢٠٠٦

پەراوێز edit