ئاڵەکۆک

حەمەعەلی مەدهۆش add_a_photo
ئێستا تەمەنم خۆی لە چل داوە
لەبەر دەروازەی پیری وەستاوە
بەڵام ئەو کاتەی کە ھەرزەکار بووم
پەرۆشی بەزمی دڵداری و یار بووم

ئاواتێکم بوو زۆر پاک و بێ گەرد
نەک وەک ئاواتی سەرسەری و نامەرد
گەڕام بۆ یارێ کە وریاو جوان بێ
ھاودەمی ڕێگای سەختی ژیان بێ

گەلێ جوان ھەبوو ئەو مەرجەی تیا بوو
کەمن لە دڵما بڕیارم دابوو
بەڵام ھیچ کامیان بۆ من ڕام نەبوو
ھیچ کامیان منیان بە مەرام نەبوو

بیرم کردەوە ھۆی جوانییش نییە
زۆر جوانم دیبوو بەم کڵۆڵییە
کەچی ئەوانەی کە ناشرینن
خێر لە باوەشی جوانان ئەبینن

وتم پێویستە خاوەن ھونەر بم
ھۆنراوەم ھەبێ، پێی بەھرەوەر بم
نووسینی وام بێ دڵ پێی ھەڵپەڕێ
خەڵکی بۆ ناوو شوێنم بگەڕێ

بەڵێ چۆن ویستم ناوبانگم دەرکرد
دەرکەوتم، شوێنم بۆ بەرەوژوور برد
بەڵام ھیچ دڵێ نەکەوتە داوم
ھەروا مامەوە ھەروەکوو ماوم

بە کورتی گەلێ دەوری وام بینی
لە ھیچ دەورێکیان خێرم نەبینی
ڕۆژێ لە پڕا کەوتەوە بیرم
کە من بێ پارەو لات و فەقیرم

ھیچ ھێزێک نییە بە وێنەی پارە
بۆم ڕابکێشێ دڵی ئەو یارە
چەنکە دەستووری ئەم قەڕنە وایە
پارە ھونەرە، جوانە، ئازایە

ئێستا کەوتوومە گێژی پارەوە
دایم وام بە دووی مام دینارەوە
ھەرچەند پیریش بم کە پارەدار بم
ئەبێ مسۆگەر خاوەنی یار بم ١

١. لە کۆمەڵە شیعری (شیرین)داو، پێشتریش لە ڕۆژنامەی (ژین)دا بڵاو کراوەتەوە.
١٩٥٩
حەمەعەلی مەدهۆش، یانەی دڵان (شیعر)، چاپی سێیەم - ٢٠٠٦

پەراوێز edit