ئاڵەکۆک

حەمەعەلی مەدهۆش add_a_photo
مەدهۆش یانەی دڵان
٤٦. ئێستەش
کە من تۆم دی مناڵ بووی وەک چرۆ بووی
لەبەر دەرگا خەریکی ھەڵمەقۆ بووی

نیشانەی جوانی ئێستەت تیا دیار بوو
کە ھەڵوێست و سەرنجی ھەرزەکار بوو

منیش لەو کاتەدا تۆم دی بە ڕێکەوت
لە دڵما خۆشەویستی ڕووتی تێ کەوت

ئیتر لەو ساوە قیبلەی چاوی من بووی
لەبەر چاوو دڵم بووی، گەرچی ون بووی

شوکور ئێستا بە جوانی ناوبراوی
لە بەر چاوی و پەسەندی پیرو لاوی

بە باڵا بەرزو گەردەن بەرزو ڕێکی
بە لا چاوێ دڵی لاوێ ئەپێکی

لە جوانیدا ئەمەندەت پێ بڕاوە
لەلای ھیچ کەس گومانی تیا نەماوە

ئەرێ توخوا دڵیشت چی ئەزانێ
ئەگەر ھەستێکی تیایە دانی پیا نێ

ئەوانەی بۆت پەرۆشن لەشکرێکن
مەزانە ھەر بە تەنیا چەند کەسێکن

لەبیرت بێ کەوا شوێنم دیارە
یەکەم تیرت لەلای من یادگارە

لە دڵتا قوژبنێکم پێ ڕەوایە
دەمێکە تێ ئەکۆشم بەو ھیوایە

ھەموو کاتێ بەشوێن تۆدا گەڕاوم
دە تۆش خۆت دەرخە جارجار ھەردوو چاوم

ئەگەر توانیم، دڵیشت لێ ئەسێنم
ئەگەر نەمتوانی تا ھەم وا ئەمێنم

ئیتر زۆر بەختیارو شادمانم
کە ئێستا تۆ بە خوای شیعرم ئەزانم ١

١. لە گۆڤاری (رۆژی نوێ)و لە کۆمەڵە شیعری (شیرین)دا بڵاو کراوەتەوە.
١٩٥٩
حەمەعەلی مەدهۆش، یانەی دڵان (شیعر)، چاپی سێیەم - ٢٠٠٦

پەراوێز edit