ئاڵەکۆک

حەمەعەلی مەدهۆش add_a_photo
مەدهۆش یانەی دڵان
٤٤. نامناسی
من تۆم پێ گەیان..
تۆم شارەزا کرد لەڕێگەی ژیان..

من تۆم ڕزگار کرد لە دەس کەساسی
کردمی بەو کوڕەی کە خۆت بناسی

گیانم بەخت کرد تۆم ھێنایە ناو
خۆم نەکرد بە ژن تا تۆم کرد بە پیاو

ئەزانی چەندم بەرز کردیتەوە
وات لێ ھات کەمن نەناسیتەوە

حەز ناکەی تاکو بەلاشتا بڕۆم
پێت شەرمە بڵێی خۆشەویستی تۆم

وەنەبێ ئێستەش بۆ تۆ سووتابم
وەک خۆشەویستی جارانت مابم

نەخێر پاش ئەوەی کە باش ناسیمیت
بە پێچەوانەی ئارەزوو دیمیت

ئیتر ئەو نرخەت لەلای من شکا
چی پەیمانت بوو ئابڕووی تکا

بەڕووی زەردەوە یەیتەوە بۆ لام
بەو نیازەی کە من دۆستەکەی ئەوسام

چەنکە بەئاسان دڵت لێ سەندم
لات وایە دایم لەسەر تۆ بەندم

بە تەما نەبی بگەڕێیتەوە
دڵیسم داخست نەوەک بێیتەوە

من نەشێتی تۆم، نە شێتی جوانیت
بە ھەڵەدا چووم بە چاکم زانیت

تازە من لە کوێ و دڵداری لە کوێ
دڵ تۆزێ گۆشتە، پۆڵاش بێ ئەسوێ ١

١. ئەم چارچە شیعرە لە کۆمەڵەی (دڵی کچان)دا بڵاو کراوەتەوە.
١٩٥٨
حەمەعەلی مەدهۆش، یانەی دڵان (شیعر)، چاپی سێیەم - ٢٠٠٦

پەراوێز edit