ئاڵەکۆک

حەمەعەلی مەدهۆش add_a_photo
مەدهۆش یانەی دڵان
٤٣. پاکانە
چاوەکەم.. ھەرچەند تۆ بێ وەفا بی
زۆر جار بۆ دڵم مایەی جەفا بی

سەرەڕای چاکەش تۆ ھەر نەمناسی
من بە جێ بێڵی وا بە کەساسی

ھێشتا من لەسەر مەیلی جارانم
خۆم بە مل کەچی پەیمان ئەزانم

با لە میوانیت من بەشدار نەبم
با منی بەدبەخت ون بم دیار نەبم

با بێگانەکان بکەی بە ھاودەم
منیش بە تەنیا ببم بە ھاوڕێی خەم

تۆ لە بەر چاوی من ھەر ناکەوی
چۆنم خۆش ویستووی لای من ھەر ئەوی

با خزمەکانت جنێوم پێ بەن
لە بەر چاوی تۆ سەد تانەم لێ بەن

با کە منیان دی زمان دەربێنن
بە ئارەزووی دڵ بێن بمشکێنن

ھێشتا من ھەرچی بۆنی تۆی لێ بێ
سەرمی ئەدەمێ ئەدەمی با چەقۆی پێ بێ

با ھەرچیم ھەیە بۆ تۆم دانا بێ
با لە ڕێی تۆدا پوولم نەمابێ

با سەیرم بکەی بە گرژو مۆنی
لە ڕێیش پێم بگەی ھەر نەڵێی چۆنی

ھێشتا من زیاتر بۆت بە پەرۆشم
بۆ خۆشی دڵی تۆ تێ ئەکۆشم ١

١. لە کۆمەڵەی (شیرین)دا بڵاو کراوەتەوە. کراوە بە گۆرانی بەدەنگی هونەرمەند ئازاد مەولود لەگەڵ تیپی مۆسیقای زانکۆی سلێمانی.
١٩٥٨
حەمەعەلی مەدهۆش، یانەی دڵان (شیعر)، چاپی سێیەم - ٢٠٠٦

پەراوێز edit