ئاڵەکۆک

حەمەعەلی مەدهۆش add_a_photo
مەدهۆش یانەی دڵان
٣٦. دڵداری ناکەم
دڵداری ناکەم..
بەڵێن بێ ئیتر دڵداری ناکەم..
لە کوێ تووشی بووم ئەبێ لێی ڕاکەم
تا کەی دەردی سەر بۆ خۆم پەیا کەم

تاکەی شەو تا ڕۆژ ھەر بناڵێنم
بەدەم خەوەوە ھەر ببزڕکێنم
دوعا بنووسم، سیحر بخوێنم
شەرمەزار ببم، سەر دانەوێنم

تا کەی بگەڕێم بەشوێن تەتەرا
تا کەی بگیرێم لەکەلەبەرا
پڕو پیرێژن بیکەن بە ھەرا
بەشەق وەکو دز بمبەن بۆ سەرا

مردم ئەوەندەم دەسەسڕ کڕی
بۆن و قۆڵۆنیام لە کۆگا بڕی
بەسێ ڕۆژ تاکێ پێڵاوم دڕی
پارەشم نەماو حەیاشم فڕی

کتێبی عەشقم ھەموو ڕوانی
چی فڕو فێڵ بوو ھەموویم زانی
چوومە کۆڕەوە، مازیندەرانی
تووشی ھەرچی بووم زیاتری زانی

ھەرچیم کە ئەدی وەفای لا با بوو
دڵداری لەلای وەک چەرەس وابوو
بەر لەمن یانزەی لە جڵەودا بوو
ھەرچی کۆڵان بوو ھەمووی کوتا بوو

ھەر من ژیانم لێ نەشێواوە
کچ و کوڕ وەک من گشتی داماوە
دەردی نزم و بەرز ھەمووی تێکداوە
کەس بە کەس ناڵێ خراپ قەوماوە ١

١. بە ناوی شاگردێکی شەلمەوە دامناوە کە ناوی (ڕەفیق)بوو. سەیر ئەوەیە ئەویش ڕەفیقێکی بۆ خۆی دۆزیببوەوە ھەر شەل! ئەویش وەک ئەم ھەر تاکێ قۆندەرەی لە پێ ئەکرد. بۆیە بەھەردووکیان جووتێ قۆندەرەیان ئەکڕی! ئەم پارچە شیعرە لە ڕۆژنامەی (ژین)دا بڵاوکراوەتەوە.
١٩٥٦
حەمەعەلی مەدهۆش، یانەی دڵان (شیعر)، چاپی سێیەم - ٢٠٠٦

پەراوێز edit