ئاڵەکۆک

حەمەعەلی مەدهۆش add_a_photo
مەدهۆش یانەی دڵان
٣٥. بێ پارەیی
ئەو کچەی ئێستا پێی ئەڵێن جوانە
یەکەم پەسەندی دەستەی لاوانە

لەسووچێکا بوو کەس نەی ئەناسی
جار جار دەرئەکەوت زۆر بەکەساسی

خۆی نەیئەزانی کە نرخی چییە
وەی زانی بەشی لە ژینا نییە

دامنا لە دڵما ئەمە یارم بێ
لابەری خەمی ڕۆزگارم بێ

وتم ئەم پەرییە کەس نەی ناسیوە
زوو ڕاوی ئەکەم تا کەس نەیدیوە

بەڵام بەر لەوەی من بیخەمە داو
کەوتە بەر چاوو ناوی کەوتە ناو

ژمارەی عاشق لە حیساب دەرچوو
دەوری ھەژاری وەک من بەسەر چوو

ئێستا ئەو کەسەی دیار نەبێ منم
خۆم خۆم نابینم ئەوەندە ونم

لەشکری پارە دەوری لێداوە
بەدیناری زۆر دەوری گیراوە ١

١. ئەم پارچە شیعرە لە ڕۆژنامەی (ژین) و پاشانیش لە کۆمەڵەی (شیرین)دا بڵاو کراوەتەوە.
١٩٥٤
حەمەعەلی مەدهۆش، یانەی دڵان (شیعر)، چاپی سێیەم - ٢٠٠٦

پەراوێز edit