ئاڵەکۆک

حەمەعەلی مەدهۆش add_a_photo
مەدهۆش یانەی دڵان
٣٠. چ نیشتمانێکمان ھەیە
نیشتمانێکمان ھەیە سەیری بکەی وێرانەیە
گەرچی بۆ چاوی بەدو دوژمن بە وێنەی تانەیە
کاولی دەستی بەدی ناوخۆو کنەی بێگانەیە
ئێستە زۆر چاوی لەدەست و کۆششی شێرانەیە
چاوەڕێی دەرکەوتنی ھەوڵێکی ئەم لاوانەیە
«خوایە ھەرکەس دوژمنی ئەم کوردە دڵپاکانەیە
ژێر کەوێ، کۆستی کەوێ، تا ماوە ساتێ نەسرەوێ» ١

دوژمنی کوردان کەسێکە ھەوڵ ئەدا بێتە گزیر
سوودی خۆی تێکەڵ بە قەومیەت ئەکا وەک ئاوو شیر
زەڕڕەیەک قازانج و بەرزیی خۆی لە چیدا بێتە بیر
سەد بکوژرێت چاو بپۆشێ، ھەر دڵی نەکرێ زویر
با ھەژار چاوی دەرێ، میرم سەرۆکی یانەیە!
«خوایە ھەرکەس دوژمنی ئەم کوردە دڵپاکانەیە
ژێر کەوێ، کۆستی کەوێ، تا ماوە ساتێ نەسرەوێ»

خوێندەوارێکە کە خاوەن مێزو فەڕڕاش و جەرەس
بۆ ھەژار جوابی جنێوو تووڕەیی و لێدانە بەس
سەد ھەقت بۆ ون ئەکا گەر چارەکێکی بەیتە دەس
یسَتە سەر باسی قسەش کوردێکە زۆر فریادڕەس
قەومیەت لای پەشمە، تەنیا خزمەتی بۆ عانەیە
«خوایە ھەرکەس دوژمنی ئەم کوردە دڵپاکانەیە
ژێر کەوێ، کۆستی کەوێ، تا ماوە ساتێ نەسرەوێ»

کاک تیجار سای سێبەرێکی گرتوەو دانیشتوە
ڕەنجی ساڵێکم بە مۆڵی و پاکژی بۆ بردووە
لووتی ھەر خوارە، ئەڵێ نامەرد دزیت لێ کردووە
زۆری وەک من کاسبی بۆ ئەو ئەکا، خۆی تیاچووە
ھەر ئەڵێ مسکێن بەشی لێدان و بەندینخانەیە
«خوایە ھەر کەس دوژمنی ئەم کوردە دڵپاکانەیە
ژێر کەوێ، کۆستی کەوێ، تا ماوە ساتێ نەسرەوێ»

ئەو کەسانە دوژمنن تۆوی نیفاقیان خستە ناو
ڕێگەیان تێکدا لە کوردو پێی میلەتیان نایە داو
بوون بە گورزی دەستی بێگانەو کەچی کوردن بەناو
ئێستە کەس باوەڕ بە کەس ناکا لە ترسی بەندو باو
کورد زەبوون و کوشتەیی ئەم چەشنە میکرۆبانەیە
«خوایە ھەرکەس دوژمنی ئەم کوردە دڵپاکانەیە
ژێر کەوێ، کۆستی کەوێ، تا ماوە ساتێ نەسرەوێ» ٢

١. ئەم بەیتەی سەر بەند ھیی ھەژاری موکریانییە.
٢. ئەم پارچە شیعرەم بۆ ئەوە وت کە یەکێک بەزۆری میری دەستی بەسەر (یانەی سەرکەوتنی کوردان)دا گرتبوو. لە (گەلاوێژ) و (ھەتاو) و ڕۆژی نوێ دا بڵاوکراوەتەوە.
١٩٤٧
حەمەعەلی مەدهۆش، یانەی دڵان (شیعر)، چاپی سێیەم - ٢٠٠٦

پەراوێز edit