ئاڵەکۆک

حەمەعەلی مەدهۆش add_a_photo
مەدهۆش یانەی دڵان
٣١. نامەی یەکەم بۆ یار
ئەی یاری شیرین.. ئەی یاری شیرین..
ئەی نەونەمامی دەم بە پێکەنین..

وەھا نەزانی تۆم لەبیر چووە
گڕی دڵداری جاران کز بووە

ھیچ بەندیخانەو ئێش و ئازارێک
یادت لە دڵما دەرناکا جارێک

بەڵام لە دەوری شوومی وەھادا
باخی دڵداری ھەرگیز بەرنادا

چەنکە کەس تەنیا بەختیار نابێ
تا دەورو پشتی لە سزادا بێ

ئەو ئیستعمارەی ناوت بیستووە
گولێکی وەک تۆو یارتی گرتووە

چونکە ئەیەوێ خێراتی دنیا
کۆبکاتەوەو بیخوات بەتەنیا

ھەرچیش قسەی کرد لای ئەو دوژمنە
جێی حەپسخانەو جەزاو کوشتنە

دیارە یاریشت ھەر بەش خوراوە
بۆیە ئیستعمار لێرەی داناوە

ھەرچەند کە ئێمە ناترسین، فێر بین
بۆت ئەگێڕمەوە چۆن ڕائەبوێرین

بەیانیان خواردن نان و تاعینە
ئەمە ھەر باشە چونکە شیرینە

بەڵام کەباب و نانی ئێوارە
لە خواردن ناچێ وەک زەھری مارە

ھەمووی ڕیخۆڵەو کولێرە کۆنە
ھەر کەسێ نەیخوا نازانێ چۆنە

بۆ چاو جگەرە ھیند بە پەرۆشین
ناچار جلەکەی بەرمان ئەفرۆشین

خۆ کیسەو باخەڵ لە پارە بەتاڵ
گشت لە ناو یەکدا کەوتووینەتە سواڵ

بە پاڵ پێوە نان ئەچینە سەر ئاو
ھەڵمان ئەسێنن نیوەو ناتەواو

بەڵام شیرین گیان ھیچ خەفەت مەخۆ
تۆش لەسەر ڕێگای بیری ڕاست بڕۆ

ئەزانین ڕێمان ڕاست و ڕەوانە
زاڵی و سەرکەوتن ھەر بۆ خۆمانە

بۆیە لە بەزمی خۆمان ناکەوین
تا دوای نیوە شەو نەبێ ناخەوین

بە پێکەنین و کەیف و گۆرانی
نەشیدی جوان و قسەی ئینسانی

بە خۆشی لەگەڵ ئەو برایانە
بیرو باوەڕیان وەکو خۆمانە

چۆن دڵمان ویستی وا ڕا ئەبوێرین
چونکە تێکۆشان بەژیر ئەبژێرین

پێویستە ئێمە ھیچ نەناڵێنین
تا ئیستعماری پیس ئەڕوخێنین

کۆنە پەرستی و دیلی نەھێڵین
برسی و تینوێتی و زۆردار بشێلین

ئینجا ئەبینین سەیرە، سەیرانە
ئەوسا دڵداری و ژیان ئاسانە

ئێمەش بە خۆشی دەست ئەکەینە مل
بە ماچی گەرم و تیکەی چەورو زل ١

١. لەبەندخیانەی کەرخەوە لە بەغدا بۆ (سەبری) خێزانمم نووسیوە. لەکۆمەڵەی(شیرین)دا بڵاو کراوەتەوە.
١٩٤٨
حەمەعەلی مەدهۆش، یانەی دڵان (شیعر)، چاپی سێیەم - ٢٠٠٦

پەراوێز edit