ئاڵەکۆک

حەمەعەلی مەدهۆش add_a_photo
مەدهۆش یانەی دڵان
٢٩. ڕووکەشیی ژیان
چ ناخۆشە مەرایی و دەردی ڕووگیری لەناوایە
درۆی بێ شوورەیی ناوە، بەڵام زۆر شوورەیی تیایە

کەگەورەم باسی خۆی کرد دەست بڵاوو پیاو جوامێرە
ئەبێ دەست بەی بە سنگتا، بۆی پەسەند کەی چونکە وا فێرە

ئەگەر پیرێکی ناشرین بڵێ من جوان و منداڵم
ئەبێ چل ساڵی لێ دەرکەی بڵێی من شارەزای حاڵم

لەپاش دیلی و جنێوو توڕەیی ولێدان و دارکاری
کەدەرکەوت ھەر بژی وچەپڵەی ئەویچ بۆ لووتی زۆرداری

ئەوەی جێ پێیەکی دەس کەوت ئیتر ھەرچی بوێ ئەلوێ
وتاری بەرزە، نووسینی بەھێزو قووڵە، جوان ئەدوێ

بڵێم چی ھێندە ناوێرم بڵێم ئاوا نییەو وایە
دەخۆزگەم وەک ئەوەش ناڵێم، ئەمیشیانم نەکردایە ١

١. مەبەستم لەو کەسانەیە لەچەرخی پاشایی دا خۆیان کردبوو بەدەمڕاستی کوردو مەودای بەدرۆخستنەوەیانمان نەبوو.
١٩٤٧
حەمەعەلی مەدهۆش، یانەی دڵان (شیعر)، چاپی سێیەم - ٢٠٠٦

پەراوێز edit