ئاڵەکۆک

حەمەعەلی مەدهۆش add_a_photo
مەدهۆش یانەی دڵان
٣. ئاواتى دووبارە
(خەیاڵێکى ڕۆژانى لاوى مەدهۆش)

خۆشى ژیانم، ئاخ، هەر جارێ بوو
بەرى گولًى دڵ، نەوبەهارێ بوو
دەس لەسەر ملى گوڵ ڕوخسارێ بوو
شوێنى دڵبازى لالەزارێ بوو
بەدکار، نادیار، فرسەت کارێ بوو

بە دڵ ئەمڕوانى لە برۆ و چاوى
لە زەردەخەنەى کانى شەکراوى
زوڵفى سێبەر و کوڵمى هەتاوى
باى باوەشێنى پەرچەمى خاوى
پەروەردەى تاکى کردگارێ بوو

پێچى پرچى خاو هاتبوە کەمەر
چین چین لە قەدیا گرتبوى لەنگەر
کەمەندى دڵ و قولاپى جگەر
پەخشان لەدەورى باڵاى سنەوبەر
ئەگریجەى شۆخ و گوڵ عوزارێ بوو

دڵ لە گێژاوى عەشقى ئەوا بوو
بازاڕى سەودا لە برەوا بوو
ڕۆژ بەرامبەر مانگ لەگەڵ شەوا بوو
نازانم ڕاست بوو یا لە خەوا بوو
چونکە هاتى من نالەبارێ بوو

شوشەى شەرابم بۆ بردە بەردەم
میوەو کەبابم هێنایە بەرهەم
مەى و مەزەو عەشق تێکەڵ بوو سەرجەم
ورشەى چنارو هاڕەهاڕى چەم
هەمووى ئامادەى وەێڵى یارێ بوو

تاوێ دسبازى و گەزینى سێو بوو
یاماچ کردن و مژینى لێو بوو
جارجار توڕەیى و تۆر و جنێو بوو
من بێ ئارام و ئەو سەر بزێو بوو
ترشى و شیرینى بەرى دارێ بوو

یەخەم ترازان شەش دوگمە یان حەوت
لەتەختى مەڕمەڕ دوو گڵۆپ دەرکەوت
وەک پڕیشکى گڕ با لە چراى نەوت
کڵپەى دڵ بەتاو بۆ دەروون سەرکەوت
سەیرى کتوپڕ چۆن شەرارێ بوو

داخەکەم کە شەو زوو بڕایەوە
ڕووناکى دەرکەوت یار گەڕایەوە
چراى ڕووناکى دڵ کوژایەوە
ئێستەیش هەر وێڵم بەو هیوایەوە
خۆشى ژیانى (مەدهۆش) جارێ بوو ١

١. ئەم پارچە شیعرە لە ١٩٣٩دا لە ڕۆژنامەی (ژین)دا بڵاوکراوەتەوە پاشانیش لە ١٩٤٣دا دووبارە بە ناونیشانی (ئاواتێکی ژیان) لەگۆڤاری (گەلاوێژ)دا بڵاوکراوەتەوە. خەیاڵێکی ڕۆژانی لاوی بوو. پاشتریش لەکۆمەڵەی (شیرین)دا بڵاوکراوەتەوە.
١٩٣٩
حەمەعەلی مەدهۆش، یانەی دڵان (شیعر)، چاپی سێیەم - ٢٠٠٦

پەراوێز edit