ئاڵەکۆک

حەمەعەلی مەدهۆش add_a_photo
مەدهۆش یانەی دڵان
٢. ئەبێ چى بێ؟
بە عەشقى تۆ بریندارم، عیلاجى دڵ ئەبێ چى بێ
کەتۆ ڕەحمت نەبێ بۆ من، دەواى دەردم ئەبێ چى بێ!

لەپێ کەوتم ئەمەند هاتم، بەڕۆژو شەو بەبەردەمتا
ئەگەر ماچێ نەبەخشى پێم، کرێى ڕێگەم ئەبێ چى بێ!

لەبازاڕى حەقیقەتدا گەلێ چاوو دڵم گێڕا
کەبۆ یارم بەرم دیارى، لەڕۆح زیاتر ئەبێ چى بێ!

لەناو باخ و چەمەندا سەیرى گوڵزارى بەهارم کرد
بەغەیرى ڕووى گوڵى یارم لەگوڵ جوانتر ئەبێ چى بێ!

لەسەر جێگەو لەبەزم و کەیف و مەستى تۆم لەبیر ناچێ
بەساڵێ جارى یادى من لەدڵتا بێ ئەبێ چى بێ!

بەڵێ بۆسەو کەنارى جارى جارانم لەبیر ماوە
کە ئێستەش من لە تۆ دوورم بڵێ چارەم ئەبێ چى بێ!

دەروونم گڕ ئەسێنێ بۆ شەوانى بەزمى وەێڵى کۆن
قوبووڵم کەى بە میوانى شەوێ لاى خۆَت، ئەبێ چى بێ!

ئەزانم سەد شوکور دایم لەسەیرانى لەگەڵ یاران
گوڵێ زیاتر لەگوڵزارى خەڵاتى من ئەبێ چى بێ!

کە یارى بێ وەفا بى، شەرتى دڵدارى نەزانى تۆ
لەگریان و فوغان زیاتر خوا چارم ئەبێ چى بێ!

لەداخى بەختى ناشادم نەنووستم شەو خەیاڵم کرد
لەچى عاجز بووە ئاخۆم خەتاکەى من ئەبێ چى بێ!

کە تۆ هات و دەرت کردم لە قاپى خۆت بەبێ ڕەحمى
لەمەش زیاتر لەدنیادا جەفاو دەردم ئەبێ چى بێ!

لەگەڵ دۆست و ڕەفیقان شەو هەتا نیوەى لە دەورانم
کە ڕازى دڵ نەڵێم لاى کەس بڵێ کارم چى بێ!

لەگەڵ دۆستى قەدیمى خۆت ئەزانم ئێستە کەم لوتفى
لەبەر تەعنەى ڕەفیقان گەر دڵم خۆش کەى ئەبێ چى بێ!

کە تۆ ڕەحمت نەبێ بۆ بێ کەسێکى وەک منى (مەدهۆش)
لە ڕۆژى ئاخیرەتدا لاى خودا جوابت ئەبێ چى بێ ١!

١. ئەمە یەکەم هۆنراوەمە کە لە (ژین)دا چاپ کراوە. پاشان لە کۆمەڵەی (دڵی کوڕان)یشدا بڵاوکراوەتەوە.
١٩٣٩
حەمەعەلی مەدهۆش، یانەی دڵان (شیعر)، چاپی سێیەم - ٢٠٠٦
پێداچوونەوە: BRWA

پەراوێز edit