ئاڵەکۆک

حەمەعەلی مەدهۆش add_a_photo
بیستبووم قانیع هەیە شاعیرە
هونەرمەندێکى داناو ماهیرە

هەر کەشکۆڵێکم ئەکەوتە بەر چاو
یا گۆڤارێکم ئەدى ناوبەناو

بەشیعرى قانیع ڕەنگین کرابوو
لەلاى هەموو کەس پەسەندى تیا بوو

گەلێ شیعریشم لاى خۆم نووسیبوو
زۆرم لا جوان بوو خۆیشیم نەدیبوو

ڕۆژێکیان پرسیم ئەم شەمامەیە
بۆنى وا خۆشە ڕەنگى کامەیە

بەڕێکەوت وابوو خۆى هات بەڕێدا

وتیان: ئەوەتا مژدەمان بەرێ
منیش سەرێکم کێشایە دەرێ

کەدیم زەلامێک زەبەلاح و بەرز
چڵکن، خوارو خێچ وەک سێوى بن عەرز

گڕى تێ بەردەى بۆسۆى لێ نایە
زۆر پەشیمانم، خۆزگە نەمدیایە

بۆچى درۆ بکەم، قسەى ڕاست خۆشە
کەدیم وەمزانى دەمار فرۆشە

تێر تێر پێکەنیم بەم سینەمایە
وتم: چۆن شاعیر ئاوا ئاوایە؟ !

ئەم هۆنراوەیە هى ئەم پیاوەیە
ڕاستە کە خەزنەش لەکەلاوەیە

هاوڕێ یەکى خۆم لێم هاتە پێشێ
وەختەبوو گوێچکەم لەبن دەرکێشێ

وتى: هەى نەفام دەمى خۆت بگرە
ڕەخنە لەسیماى زانایان مەگرە

شاعیر کەى لەمە چاکتر ژیاوە
نابینى پاکى بە خەم فەوتاوە ١

١. لەهەمان ژمارەى (ژین)دا کەئەم شیعرەى تیا بڵاو کرابوەوە، قانیع خۆى ئەم وەڵامەى بڵاوکردبوەوە:
ڕۆژێ کە چوومە چاپخانەکەى (ژین)
لە خۆى و ژینى هەزار ئافەرین

چوومە دائیرەى مورەتتیبەکان
کەوتە بەرچاوم هەندێ شیعرى جوان

تێى وورد بوومەوە دەربارەى من بوو
بۆ پێکەنینى دۆست و دوژمن بوو

کاتێ خوێندمەوە وتم تەواوە
لەوە پەشێوەترە کەئەو دایناوە

سا (ژین) پێى بڵێ پیاوێکى خاس بێ
وەک زەمان نەبێ، گەوهەر شناس بێ

بۆچ هێشتا دەورى کەوا بخۆیە
نەوەڵڵا ڕەغبەت بەشیعرى تۆیە

وەک ژن توالێت شێوەى کەماڵە
تەفرە بۆ کچى دە دوانزە ساڵە

من (کۆنەپۆش)م واکۆنە پۆشم
بەڵام بەمەیلى وەتەن دڵخۆشم

دیوژەن لەناو پیپا ئەژیا
ئەسکەندەر ئەچووە لاى ئەو بەجیا

(پیرەمێرد) جوابى خۆى بداتەوە
کاسە، کاسە ئارد وابەلاتەوە

پیرەمێرد خۆیشى لە داوێنەوە ئەم بەیتەى نووسیبوو:
ڕەخنە لەسیماى شاعیران مەگرە
بۆچى پیرەمێرد لەو پۆشتەترە

پاش ماوەیەک شیعرەکەى من لە (دەنگى گێتیى تازە) شدا بڵاو کرایەوە. قانیع دیسان وەڵامى دایەوەو وەڵامەکەى ئەویش هەر لە (دەنگى گێتیى تازە)دا بڵاوکرایەوە. ئەمەش وەڵامەکەى قانیع:
براى خۆشەویست! یارى نادیدەم!
شاعیرى بەرزى زۆر پەسەندیدەم!

لەبرادەران منت پرسیبوو
لەناو گۆڤارا شیعرت نووسیبوو

منت نەدیبوو کە ئایا چۆنم
پێت نەزانیبوو کە کەوڵەکۆنم

نووسیبووت هەرگیز بۆسۆى لێ نایە
زۆر پەشیمانم خۆزگە نەمدىیایە

بەڵێ ڕاست ئەکەى هەمیشە ڕووتم
چڵکن و پڵکن وەک مەلکەمووتم

هەتا شاعیرى کوردستانت بم
ئەبێ هەر شڕو شیتاڵانت بم

بۆچى براگیان هەر فاسۆن پیاوە
قۆندەرەى تازە خاوەنى ناوە

کراس و کەوا خادیمى هۆزە
مێزەرى زلە هۆى بەرزى کۆزە

براى شیرینم خۆتۆش شاعیرى
زیرەک و زانا تەواو ماهیرى

مادامێ کەخۆت گەوهەر فرۆشى
بۆ کزیى شاعیر بۆچ تێ ئەکۆشى

شاعیر دەهۆڵن لەدوور دەنگ خۆشن
لەنزیکەوە دارێکى بۆشن

باوەجوو ڕووتى هیچ عەیبى نىیە
کەپارە نەبوو دەستەڵات چىیە

پارە بەجۆرێک دێتە دەست ئینسان
شاعیر ئەو پارە ئەکات بەسندان

شاعیر بۆ پارە هیچ ناکا پەلە
ئارەزووى شاعیر هەر بەرزى گەلە

کام شاعیرت دى دەس و چاو پاک بوو
لیباسى بەرى فاسۆنى چاک بوو؟

سەعدى فەیلەسووف تەواو دنیا بوو
مامۆستاى هەموو شاه و گەدا بوو

بەپێ خاوسى لەم ماڵ بۆ ئەو ماڵ
ئەسووڕایەوە سابەهەر ئەحواڵ

هیچ کەسێک نەیووت بۆچ سەعدى ڕووتە
بۆچى ناشرین وەک مەلکە مووتە

ئیتر بابەس بێ براى شیرینم
منیش هەرئەڵێم یاخوا نەتبینم
حەمەعەلی مەدهۆش، یانەی دڵان (شیعر)، چاپی سێیەم - ٢٠٠٦
پێداچوونەوە: بڕوا عومەر

پەراوێز edit