ئاڵەکۆک

حەمەعەلی مەدهۆش add_a_photo
مەدهۆش یانەی دڵان
٢٥. هەموومان
هەموومان تێگەیشتووین بۆچ هەژارین
ئەزانین بۆچى دیل و لەش بەبارین
هەموو هاوار ئەکەین، لەم دەردە ئەدوێین
کە ئێمەى کوشتووەو پێى دەردەدارین

ئەپرسین و ئەڵێین: کوڕگەل لەبەر چى
ئەوەن داماوو سست و نالەبارین
گەلى کورد نابێ وا لە دوا بێ چونکە
گوناحى ئێمەیە گەر خوێندەوارین

هەمیشە مشت و مڕمانە لەگەڵ یەک
کەچى هەر ساڵ بە ساڵ خۆزگە بە پارین
ئەمانە، گشت گوناحى ئەو کەسانەن
ئەڵێن مەردین وهەم خزمەت گوزارین

هەموو بۆ کاتى فرمان گۆشە گیرین
لە کاتى خۆ نوانندا دیارین
لەکاتى یارمەتى دا دەستە پارچەین
لە لۆمەو سەر زەنشتدا دانى مارین

لەیەکترمان ئەوێ ڕەنج و هەوڵ دان
کە خۆشمان بێ فەڕو هەم نادیارین
لە سستیى ئێمەیە بێگانە ئازان
بەکارن چونکە ئێمە بێ دەمارین

برا پێویستە، خۆمان تێ بکۆشین
لەکەس ئیشمان نەوێ گەر بەهرەداربین
بە ماڵ و سەر لەگەڵ یەک بین، هەوڵ دەین
چ جوتیارین، چ کاسب یا توجارین

ئەبێ وا هەڵ بسوڕێین گەل بزانن
بچوک و گەورە بۆ خزمەت بەکارین ١

١. ئەم پارچە شیعرە لە (گوڵاڵەى مەحمود ئەحمەد) و لە کۆمەڵەى (شیرین)دا بڵاوکراوەتەوە.
١٩٤٦
حەمەعەلی مەدهۆش، یانەی دڵان (شیعر)، چاپی سێیەم - ٢٠٠٦

پەراوێز edit