ئاڵەکۆک

حەمەعەلی مەدهۆش add_a_photo
مەدهۆش یانەی دڵان
٢٤. لێت ئەپرسم
بۆ منت ناوێ؟
خۆ من بەبێ تۆ هەڵ ناکەم تاوێ
خۆشەویستى تۆم لێ بۆتە داوێ
گیانە دڵدارى شەرمى پێ ناوێ
پێم بڵێ بۆچى تۆ منت ناوێ

من کە لە پێشا دڵ بەستەى تۆ بووم
بەخۆشەویستى تۆ دەسخەڕۆ بووم
وەک مەلى هەژار زوو دەستەمۆ بووم
لە پەشیمانى تۆ ڕەنجەڕۆ بووم
ئێستەش پێم بڵێ بۆ منت ناوێ

ئەزانى جوانى، گەشى، شیرینى
ناسکى، نەرمى، تەڕى، ڕەنگینى
بەفیزى چونکە خۆت وا ئەبینى
لە زۆر زانیتا کەمم ئەدوێنى
ئاشکراى ناکەى بۆ منت ناوێ

خۆزگە لەپێشا بمزانیایە
کەڕاست لەگەڵما نایەیتە کایە
خۆشەویستى من بەدڵتا نایە
تکات لێ ئەکەم تۆو ئەو خودایە
ئەگەر پێم نەڵێى بۆ منت ناوێ

لەسەر تۆ خۆشیم ناوە بە لاوە
دڵم دەرپەڕى، جەرگم بڕاوە
هۆشم وەکو خۆم سەر لێ شێواوە
لەسەر جوابێکى تۆیە داماوە
لە دەمت دەرچێ بۆ منت ناوێ

سوێند بە دیدارت، هەتا بمێنم
هەرگیز ناتوانم وازت لێ بێنم
چۆن دڵم ویستى ناوت ئەهێنم
هەتا وەڵامت لەدەم ئەسێنم
ئینجا تێ ئەگەم بۆ منت ناوێ ١

١. ئەم پارچە شیعرە لە گۆڤارى (گەلاوێژ)دا بڵاوکراوەتەوە. لەکاتى خۆیدا ئەحمەد هەردى ڕەخنەى لێ گرت و منیش وەڵامم دایەوە. ئێستا لە ڕەخنەکەى ئەویش و لە وەڵامەکەى خۆیشم ناڕازیم. ئەمە یەکەم شیعرمە کە شەماڵ صایب کرددوویە بە گۆرانى. لە کۆ مەڵەى (شیرین)یشدا بڵاوکراوەتەوە.
١٩٤٤
حەمەعەلی مەدهۆش، یانەی دڵان (شیعر)، چاپی سێیەم - ٢٠٠٦

پەراوێز edit