ئاڵەکۆک

حەمەعەلی مەدهۆش add_a_photo
مەدهۆش یانەی دڵان
٢٣. حەزم لێ کردووى
حەزم لێ کردووى...
لەناو جوانانا هەڵم بژاردووى
ڕازو نیازى دڵم بۆ ناردووى
سروەى بەیانم لێ ڕاسپاردووى
خۆم پێ سپاردووى، حەزم لێ کردووى

تۆش دڵم بەرێ بە دڵێکى پاک
دڵدارى بێ گەرد وەک ڕۆژى ڕووناک
ئەژین بە خۆشى سەربەست و بێ باک
خۆمان ئەخەینە پەناى خوداى تاک
نەمشیلەى دڵ چاک، حەزم لێ کردووى

لەودەمەى کە تۆم دیوەو ناسیوە
دڵەى هەژارت لەمن دزیوە
تیرى جوانیت جەرگمى بڕیوە
مەینەتى باخى ژینم چنیوە
خۆشیم نەدیوە، حەزم لێ کردووى

لەهەرلا شایى و سەیران کراوە
من چووم و چاوم بۆ تۆ گێڕاوە
لەڕووى جوانیتا ڕەنجم کێشاوە
وشەى دڵداریم بۆ تۆ داناوە
دڵ نەترساوە حەزم لێ کردووى

هەرچەند بزانم کە بێزارى لێم
دڵت لەسەر من نییەو ناتەوێم
من پێ بە جەرگى خۆما هەر ئەنێم
بێ پەروا ئەڵێم بەردەرگاتە جێم
بۆ کوێ ئەچى دێم، حەزم لێ کردووى

ئینجا کەواتە تکات لێ ئەکەم
بیانووم پێ مەگرە نەزۆرو نەکەم
چى لە دڵتایە، بیڵێ، دیدەکەم
دڵم مەشکێنەو گلەت لێ نەکەم
کزەى جەرگەکەم، حەزم لێ کردووى

گیانى شیرینم چاکت لێ ڕوون بێت
گەر خوانەخواستە هیوام بڕا لێت
ئەوەى کە دەردى دڵم ئەزانێت
ئەم داخەى منت گشت پێ ئەڕێژێت
جوانیت نایە ڵێت، حەزم لێ کردووى ١

١. لە گۆڤارى (گەلاوێژ) و پاشانیش لە کۆمەڵەى (شیرین) دا بڵاوکراوەتەوە.
١٩٤٣
حەمەعەلی مەدهۆش، یانەی دڵان (شیعر)، چاپی سێیەم - ٢٠٠٦

پەراوێز edit