ئاڵەکۆک

حەمەعەلی مەدهۆش add_a_photo
مەدهۆش یانەی دڵان
١٩. نەونەمام
نەمامێکم لە باخێ دى، لەلاى من وابوو عەرعەر بوو
کەچى تازە مەمانێ بوو کەئاواتى دڵى تەڕ بوو

وەکو دارێکى ساوا تازە هەڵچووبێ لەناو ئاوا
بەجوانى دارەکەى گووباى کەنارى حەوزى کەوسەر بوو

لەنوخشەى باخى دڵدارانە جووتێ سێوى دانا بوو
لەسەر گۆى ئاڵى شەومن هەروەکوو دوڕدانە گەوهەر بوو

زوبان شریین و لێوى پێکەنینى خۆش و خۆش ڕوو بوو
جوانێ بوو لەگەڵ حۆرى و فریشتە یارو هەمسەر بوو

لەبەینى زوڵفەکانا ڕوومەتى هەروەک چرا وابوو
لەناوجەرگەى شەوا شەوقى ڕوناکى چەشنى ئەختەر بوو

بە کەیفى دڵ لەلێوانى ئەگەر ماچى بدامایە
لەسەر ئەو خێرەدا بۆ کوشتنم ئازادى مەحشەر بوو

کەبینیم چاوەکانى تێگەیشتم چەندە خوێن ڕێژە
لە موژگانى برتسن وا بە دڵما تریى تێپەڕ بوو

لەبەر ئەو لەیلەیە مەجنوون وەکوو من شێتى کێوانە
هەتا مردن پەرێشان و خەیاڵى عەشقى دولبەر بوو

مەگەر یەزدان بزانێ حاڵى من چەندە بریندارم
لە دڵما عەشقی ئەو تیژتر لە شمشێر و لە خەنجەر بوو

ئەگەر ڕۆژێ لە ڕۆژان لێم بپرسن چۆنە ئەحواڵت
ئەڵێم (مەدهۆش) بەدەستى ئەو نەفەوتایە، قەلەندەر بوو ١

١. ئەم پارچە شیعرە لە ڕۆژنامەى (ژین) و کۆمەلچەى (دڵى کوڕان) دا بڵاوکراوەتەوە. شاگردى بەرگدروو بووم الى وەستا حەمە سەعید. ناردمى بۆ پراوە بۆ ماڵە عەرەبێک. کچێکى جوانیان هەبوو. خەیاڵى ئەم شیعرەى دامێ. تا هامتەوە بۆ دووکان ئەم پارچە شیعرەم دانا.
حەمەعەلی مەدهۆش، یانەی دڵان (شیعر)، چاپی سێیەم - ٢٠٠٦

پەراوێز edit