ئاڵەکۆک

حەمەعەلی مەدهۆش add_a_photo
قوربان وەرە زوو دەس کە ملم، ماڵ و سەرم تۆى
فەوتاوى دەسى تۆم و، بەڵێ چارەسەرم تۆى

بەینێکە لەژێر دەستى جەفاو تەعنەیى عەشقام
یەک دەفعە دڵم بێنەوە جێ، خێرو شەڕم تۆى

ڕوو دەرخە، پەچەت لابەرە، لێو بێنەرە پێشێ
ماچێک ئەفڕێنم لە دەمت، نەشئەدەرم تۆى

من بولبول و تۆ غونچەیەکى سەرچڵى عەشقى
ئێشکچىیە دڵ شەو کە ئومێدى سەحەرم تۆى

عەشقت کە هەموو ئان و سەعاتێک لە دڵمدا
کردوویە بە غەوغایە کەچى بێ خەبەرم تۆى

(مەدهۆش) کەوەکو شایە لەژێر سێبەرى عەشقا
غەم لەشکرو دڵ دوشمنە مایەى زەفەرم تۆى ١

١. ئەم پارچە شیعرە لە ڕۆژنامەى (ژین)ولەکۆمەڵەى (دڵى کوڕان)دا بڵاوکراوەتەوە.
١٩٤٢
حەمەعەلی مەدهۆش، یانەی دڵان (شیعر)، چاپی سێیەم - ٢٠٠٦

پەراوێز edit