ئاڵەکۆک

حەمەعەلی مەدهۆش add_a_photo
مەدهۆش یانەی دڵان
١٥. بێ وەفایی
ڕۆژێ واڕێکەوت کە ڕێگەم کەوتە ماڵی یارەکەم
دیم کە وەستاوە بەتەنیا نەونەمامی گوڵ بەدەم
پێکەنیم، پێم وت: دەمێکە چاوەڕێی ئەم فرسەتەم
ئێستە تەنیای، جارێ وا دەس پێشکەری ماچت ئەکەم
تاوێکیش لات ڕابوێرم، جا بەرۆکت بەرئەدەم

پێکەنی، فەرمووی: ئەزانی گوایە من چیم لێت ئەوێ
گەر هەلێکی وا بەساڵی جارێ بۆمان هەڵکەوێ
تۆزێ ڕابوێرین بە خۆشی ئاسمان پێی نانەوێ
ماچ و دەس بازی لەگەڵ یار هەر ئەبێ پرسی نەوێ
دەستی وا کردە ملم لێوی نزیک لێوم کەوێ

کاتێ زانیم چۆن ئەویش سووتاوە، وەک من بەو گڕە
پەردەیی شەرمی دڕیوە ئەو دڵەی هێندە پڕە
جۆششی عەشقم هوجوومی کردە سەر دڵ لەو گوڕە
وا بە سنگی خۆمەوە نا سنگ و ئەو مەمکە خڕە
مەست و بێ هۆش بووین لەبەینمانا نەما چرپەو قڕە

جارێ تا هێزم هەبوو بەو شەوقەوە تێر تێر گوشیم
دوایی سەیرم کرد کە ڕەنگی ڕووی پەڕیوە، تێ گەییم
ناڕەوا بوو هێندە ئازاری بدەم، زوو پێکەنیم
بۆئەوەی دڵگیر نەبێ لەم ئەزیەتە، کاتێ کەدیم
ئەو لەمن زیاتر گوشیومی، سەیرە ئەو هێزی بڕیم

پاش ئەوەی ڕامان بوارد بەینێ بە یاری دوو بە دوو
شێوەیەکی بەزمی دڵداری لە ناوا هات و چوو
ئاخی هەڵکێشا، لەپڕ فرمێسکی گەرمی کەوتە ڕوو
پێی ووتم دڵداری ژینی بێ سەرەنجامن هەموو
زۆر ئەترسم ئێمە لێک ببڕێین نەگەینە ئارەزوو

ئێستەش ئەیبینم کە ئەو عەهدەی لەبیر بردۆتەوە
ئەو گڕەی بۆ من لە دڵیا بوو هەمووی نیشتۆتەوە
وەک نە بای دیبێ و نەباران، گشتی هەر بیر چۆتەوە
خۆی لە من لاداوە، بۆ بێگانە ڕووی کردۆتەوە
کاکە (مەدهۆش) تۆش بناڵێنە بەدەردی خۆتەوە ١

١. ئەم پارچە شیعرە لە گۆڤاری (گەلاوێژ)دا بڵاو کراوەتەوە. هەوێنی ئەم پارچە شیعرە ئەو گۆرانیە فۆلکلۆرییەیە کە ئەڵێ «دوێنێ یارم بووی ئێستا نامناسی.» لە کۆمەڵەی (شیرین)یشدا بڵاوکراوەتەوە.
١٩٤٢
حەمەعەلی مەدهۆش، یانەی دڵان (شیعر)، چاپی سێیەم - ٢٠٠٦

پەراوێز edit