ئاڵەکۆک

حەمەعەلی مەدهۆش add_a_photo
مەدهۆش یانەی دڵان
١٤. پێنج خشتەکى لەسەر غەزەلى میصباح‌الدیوان ئەدەب
نەوبەهارەو دەشت و کێو ڕەنگینە وەک خولدى بەرین
با بە کامى دڵ لەسەر فەرشى چەمەن بەزمێ گرین
تا بە نەشئەى مەى لە دڵدا تۆوى میحنەت لابەرین
ێوبحدەم، هەنگامى گوڵ، سەبزەى نەسیمى عەنبەرین
چەندە خۆشە بادە وەرگرتن لەیارى نازەنین

ڕۆحەکەم وا چاو ئەگێڕم بۆ دیدارت سوو بە سوو
تا ڕەقیب شێوەى وونە دەرخە عوزارت زوو بە زوو
چونکە شیرینە لەلام ماچ و کەنارت دوو بە دوو
چەندە خۆشە عوشرەتى پەنهان نیگارت ڕوو بە ڕوو
موتریب و ساقى لەلایەک خونچە دەم یەک مەه جەبین

دڵ بەشەوقى کوڵمى تۆ دائیم ئەبرژێ وەک کەباب
جاروبارێ بێنە بەردەم ساقى پەرداخێ شەراب
لێدە موتریب تۆش بە سەوداوە لە سەمتوورو ڕوباب
گەه سەماعى ئورغون و گاهێ سوراحیى لەعلى ناب
گەه لە باغى تەلعەتت یاران گوڵ و غونچە چنین

ئەودەمم لا خۆشە دانیشم بەرامبەر ڕووى نیگار
هاودەمى مەحبووبە بم دایم لە چەشمەو لالەزار
ڕۆژى فیرقەت زەوقى ئەم شیعرەم هەیە بۆ یادگار
خۆزگە ئەخوازم بە دوێ شەو دوو بە دوو بووین ئەمن و یار
تا سەحەرمان عەیش و عوشرەت بوو و میزاج و پێکەنین

شاهیدو ساقى و مەى و موتریب هەموو یەک کەوتبوو
مەجلیسێ کەوتبووە گەردش، جەننەتێ هاتبووە ڕوو
کوڵم و لێوم ماچ ئەکرد ئەنجا بە شەوق و ئارەزوو
دەم بە دەم ساعید لە گەردەن، لەب لەسەر لەب، ڕوو بە ڕوو
دەست لەسەر سینە خەریکى گوڵ چنین و بەى گوشین

حەیفە تەشبیهى شەوێکى وا لەگەڵ پەردەو زەفاف
عوشرەتێکى خوسرەوانەى پڕ لە زەوق و پرَ شەفاف
یا لە کەعبەى ێوورەتى مەحبووبەدا ئەمکرد تەواف
گەه لە جامى لێوەکەى ئەمژى قەڕابەى شەهدى صاف
گەه لە فنجانى دەمى تەنگى ڕەواقى ئەنگەبین

گەه شکاتى ڕۆژى دوورى و میحنەت و ڕەنجم ئەکرد
یا لەسەر کوڵمى بەشادى سەیرى دوو گەنجم ئەکرد
یالەگەڵ چاوى بەغەمزەى نەردو شەترەنجم ئەکرد
گەه لەباغى سینەدا سەیرى دوو نارنجم ئەکرد
گەه لە گوڵزارى جەمالیدا تەماشاى یاسەمین

ئەو بتى باڵا بلوورە وا بە لەنجە هەڵدەسێت
تیپى ئەگریجەى لە دەورى گەردنى دێت و دەچێت
هەردەمەى نەزمێ لەنەشئەى بەزمى شاهید دەردەچێت
گا لە بادە مەستى کردم، گەه لە غەمزەى چاوى شێت
گەه لە زوڵفى وا لە خۆشیدا نەعەقڵم ما نەدین

دولبەرم لوتف و نەزاکەت وا بە جارێ دەردەخات
لایقى مەدح و ئەنایە وەک شەوى قەدرو بەرات
گا لە باغى قامەتى سێوێ ئەبەخشێ بۆ خەڵات
گاە لە دوو لەب ساغیرى تێ کرد کە ها ئابى حەیات
گەه لە گەردەن شیشەیى ڕاگرت کە ها مائى مەعین

مونتەهاى شەرحە بەیانى ناکرێ تەوصیفەکەى
زەوقى (مەدهۆش)ت ببێ ئەوسا ئەدەب تەقدیر ئەکەى
یادگارە ئەم کەلانى دولبەرى شیرینەکەى
گەه بە ڕووى خۆى کرد ئیشارە، گەه بە ڕەوچەى سینەکەى
(هازیهی جنات عدن، فادخلوها خالدین)
١٩٤١
حەمەعەلی مەدهۆش، یانەی دڵان (شیعر)، چاپی سێیەم - ٢٠٠٦

پەراوێز edit