ئاڵەکۆک

حەمەعەلی مەدهۆش add_a_photo
مەدهۆش یانەی دڵان
١٣. شەراب
لەززەتى دنیایە، چاوى یارو فنجانى شەراب
ڕوو بەرامبەر چاوى جوان و دەم بە لێوانى شەراب

شەرتى عاشق وایە لەم دوو ڕێ یە هەرگیز لانەدا
ماڵ و سەر قوربانى یارو دڵ بە قوربانى شەراب

بەزمى خۆم نادەم بەسەد کاووسى کەى کاتێ کەوا
دێتە بەردەم، ساقى بیدا نۆبە فنجانى شەراب

ڕۆژى عاشق بۆیە هەرگیز ئاوابوونى بۆ نىیە
چونکە ڕووناکە دڵى سوبحى بە شێوانى شەراب

تەرکى ڕێى مەیخانەو و کۆیى نیگارم زەحمەتە
چونکە پەروەردەم بە فەیڤى عەشق و ئیحسانى شەراب

بێ خەبەر دەرچوون گولێ کەس، کامى دنیایان نەچەشت
بێ بەرى بوون چونکە تا مردن لە دیوانى شەراب

شاهى نەورۆز، فەرشى چیمەن با لە گوێى چەم ڕابخا
کۆمەڵى عاشق بەدەستە ئەبنە میوانى شەراب

دڵ بە شەوقى مەى ئەبێتە شاهیدى میێرى خەیاڵ
سەد زولەیخاى عاشقى فرزەندى کەنعانى شەراب

ئەودەمەى داوێنى عومرى خۆشەویستیم پارە بوو
مەرئیەى (مەدهۆش) بڵێن یاران بە عینوانى شەراب ١

١. ئەم پارچە شیعرە لەڕۆژنامەى (ژین) و لە کۆمەڵەى (شیرین)دا بڵاوکراوەتەوە.
١٩٤١
حەمەعەلی مەدهۆش، یانەی دڵان (شیعر)، چاپی سێیەم - ٢٠٠٦

پەراوێز edit