ئاڵەکۆک

حەمەعەلی مەدهۆش add_a_photo
مەدهۆش یانەی دڵان
١١. لەبەرچى
بیستوومە کە یارم ڕقى هەڵساوە لەبەرچى؟
تێناگەم و سووچم چىیە، تۆراوە لەبەر چى؟

مەعلوومە لەلاى من کە جوان عادەتى وایە
ئەم ڕەسمە لە چەند کۆنەوە هەر ماوە لەبەر چى؟

هەر ناوى منى بێ کەسى بەدبەختە لەناوا
سەد شێخ و مەلا مێزەرى داناوە، لەبەر چى؟

لەم لەوحى دڵەم نەخشە دە تێفکرە بزانە
ئەم عەشقە بە ڕەنگى چىیە نووسراوە لەبەر چى؟

کەس حەددى نىیى ناوى بەرێ، دولبەرى خۆمە
(مەدهۆش)ى هەژار خواردنى خوێناوە، لەبەر چى١؟

١. ئەم پارچە شیعرە لە ڕۆژنامەى (ژین) و لە کۆمەڵە شیعرى (دڵى کوڕان)دا بڵاوکراوەتەوە.
١٩٤١
حەمەعەلی مەدهۆش، یانەی دڵان (شیعر)، چاپی سێیەم - ٢٠٠٦

پەراوێز edit