ئاڵەکۆک

حەمەعەلی مەدهۆش add_a_photo
مەدهۆش یانەی دڵان
١٠. کۆچى ناکاو
فەلەک ئیشى ئەمەندە چەوت و خوارە
هەموو عالەم لەدەستى بێ قەرارە

لە باخێکا گوڵێ پشکووت و دەرکەوت،
لە کوردا گەر یەکێ دەرکەوت و سەرکەوت،

ئەبێ گەردوون لەناوى باو نەمێنێ
پەڕەى گەنجى و جوانى هەڵوەرێنێ

لەگەڵمانا بەنەوعێ بۆتە دوژمن
ئەفەوتێین یا بەمردن یا بە کوشتن

خودا، تا کەى غەم و حەسرەت بنۆشین!
هەتاکەى بەرگى شین و ڕەش بپۆشین!

(ڕئووف) بێ وەعدە کۆچى کرد لەناومان
چراى جوانى نەما بۆ نوورى چاومان

ئەسەف بۆ ڕەونەقى باڵاى بلوورى
درێغ بۆ فکرى بەرزى بێ قێوورى

کەوا ئێستا ئەسیرى خاک و خۆڵە
لەیارو قەوم و خۆیشان دەورى چۆڵە

ئەمەش تەئریخە وەک ڕۆژیکێ ڕووناک
«گەڵا ڕێزان رەئوفى نایە ناو خاک»١

١. ئەم پارچە شیعرەم بۆ لاواندنەوەى لاوى بەناکامى کۆچ کردوو ڕەئووفى صاڵح قەفتان وتووە کەلە ١٤ ساڵیدا کۆچى دوایى کرد. نیوە دێڕى دوایى پارچە شیعرەکە بە حەرفى ئەبجەدو بە ڕێنووسى کۆن ئەکاتە ١٣٦٠ کە بە ساڵى کۆچى. ساڵى مەرگى ئەو جوانە مەرگەیە. ئەم پارچە شیعرە لە ڕۆژنامەى (ژین)دا بڵاوکراوەتەوە.
١٩٤٠
حەمەعەلی مەدهۆش، یانەی دڵان (شیعر)، چاپی سێیەم - ٢٠٠٦

پەراوێز edit