ئاڵەکۆک

شامی کرماشانی add_a_photo
شامی چەپکەگوڵ
١٦. برای کوردی خوێندەوارم!
تەک بەیتێکی فارسیم دیوە و نەشمزانیوه هین کێیه؛ مانای به کوردی ئاوایه:
هەزار دەوران گەڕا مەیگێڕی گەردوون تا هەلێکم هات
لەبەر پیری ئەویشی لێ ڕژاندم دەستی لەرزۆکم١
ئەم ژیانی سەردنیایه، ئەوەنده سەیر و سەمەرە و عەجایبه، گش کەس سەری سوڕ دەمێنێ و کەس له کاری خودا ناگات.
له پێشەکی یەکەم چاپی شیعری شامی، حاڵ و باڵی ترش و تاڵی، پڕ له کڵۆ و کەند و چاڵی، ژینی شامیم شی کردەوه؛ پێ‌ناوێ پێیدا بێمەوه.
شامی هەرگیز له عومریدا، بڕوای نەبوو ڕۆژێک دەبێ کەسێک هەبێ ئاوڕی بەخێری وێبدا. شیعرەکانی بۆ چاپ کرێ و باش بفرۆشرێ و له ماوەیەکی زۆر کەمدا، بۆی دووپاته بکەنەوه و دیسان له چاپی دەنەوه.
چەپکەگوڵەکەی بەسترا، ئامادەی چوونه بازاڕ بو، هێشتا وەدەس کەس نەگەیبو، خەوەریان دا: «شامی» له دنیا کۆچی کرد.
هەر خۆی ئێژێ:
له ڕووژی ترسم ئەجەل بدەی زەنگ
عومرم تەمام بوو له دونیای دووڕەنگ
ئەو ڕۆژەی وا لێی ئەترسا، لێی وەدی هات.
تەنانەت وام‌دارەکانی دراوسێشی نەشنەفتبون ئەم شیعرانه چاپ کراون، ئەفرۆشرێن؛ شایەت پووڵێکی تیابێ و کەم له زۆرێکیان دەس کەفێ.
شامی مرد و له چەرمەسەری سەردنیا ڕزگاری بوو. دەرد و داخی بۆ کەسانی و بۆ ناکەسانیش بەجێهێشت.
شامی له سەر تاتەشوار درێژ کراوه. پرتە و بۆڵەی خاوەن وامان؛ گیڕەی ڕوبابە و ماپەروەر؛ فینگەفینگی نیم‌تاج و کیشوەر و خاوەر؛ زۆڕه زۆڕی پەنچ‌ـ‌شەش بەچەی قەد و نیم‌قەدی باو مردوو له دەوری تەرمی ئەو مەرده تێکەڵاوە و هەر کەس ڕای دەردی خۆی ئەگرێ. شامی تا ژیا، له نزم‌ترین خانوودا، لەلای بێتین‌ترین کوانوو دەیبردەسەر. بەڵام ئێستا به مردوویی - بۆ یەکەمجار - جێگەی بەرزه. لەسەر تابوتێ ڕاکشاوە و له سەرشانی چوار حەماڵان، بەرەو ماڵی هەتا هەتایی بەڕێوەیه. بەڵێ ئێستا شوکور بەرزه. بەڵام ئەگەر ڕاستت دەوێ، به زیندوییش هەر بەرز بوو، چاوی نەزانان نەیدەدیت.
شامی بوو به میوانی خوا. خوا عادڵه، بێگومانم قەرەبووی بۆ دەکاتەوه و هیچ کرایەشی لێ ناوێ. جا ئەگەر تەرم هەڵگر و گۆڕهەڵکەن و مردووشۆر و مامۆستای تەڵقین‌دادەر و هەڵواخۆری سەر گۆڕستان، له پاداش ناهومێد بن و دەم‌لەپووش بگەڕێنەوه، تاوان له ملی نەداری شاعیرەکەیە و ئەشێ گەردنی ئازا کەن. ئاوا شامی وادەی دیداری ئایندەی خسته قیامەت. خوا عەفوی کا.

نوسینی؛ مامۆستا هەژار.

١. لە نازانم کێوە

هەزار دەوران گەڕا مەیگێڕی گەردوون تا هەلێکم هات
لە بەر پیری ئەویشی لێ ڕژاندم دەستی لەرزۆکم
«مامۆستا هەژار‌، بۆ کوردوستان‌، لا ٢٨٤.»

پیمانه‌ام ز رعشهٔ پیری به خاک ریخت
بعد از هزار دور که نوبت به من رسید
«صائب تبریزی»
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit