ئاڵەکۆک

شامی کرماشانی add_a_photo
شامی چەپکەگوڵ
١٧. شامی کێیه؟
له گەڕەکی چەنانی شاری کرماشان، پیاوێک دەژیت که به گشت دەس‌تەنگی و نەداری و بێ‌دەستەڵاتیەوە، زۆرتر له کوردزمانان، به بۆنەی شێعرە جوانەکانیەوە، دەیناسن و خۆشیان ئەوێ.
شامرادی موشتاق، که ناوبانگی به «شامی» دەرچووە، دەوری شێست ساڵ لەوەو پێش، له کرماشان له دایک بووە. سێ ساڵان دەبێ، نەخۆشی ئاوڵه دەگرێت و به هۆی ئەو نەخۆشیەوە، هەرتک چاوی کوێر دەبن و وا به منداڵی دنیای ڕووناکی لێ تارێک دەبێت.
خۆی دەڵێ:
هەنووز نەشناسووم چەپ و ڕاس دەست
دەست جەهاندار جەهانبینم بەست
پاش کوێر بوونی، زۆری نەخایاندووە، باوەشی گەرمی دایکیشی – که شامی جاروبار تێدا ئارامی گرتووە بۆ دەمێک
خەمی دنیای تاریکی دەوروبەری له بیر بردۆتەوە – سارد دەبێتەوە. چونیەتی ژیانی تاڵی لەوەوپاشی، دەبێ له خۆی بژنەوی.
تەمەنی عومری دەوازدە ساڵ زۆرتر نەبوە، که باوکیشی عومری خودا دەکا و ئەمجار لەسەر هەموو دەردان، ڕەنگی هەتیویشی لێ دەنیشێ. دوای فەوتی باوکی، مامۆژنی دەیباته لای خۆی و پاش ماوەیێک دەینێرێ بۆ ماڵی «حاجی ئەمانوڵڵا موعتەزیدی» و لەوە بەو لاوە ئەو پیاوە چاودێری لێ دەکات تا گەورە دەبێ. لەو ڕۆژگارە، ڕادیوو تلویزیون نەبوە. مەردم - به تایبەت زستانان – هەر شەوێک له ماڵی یەکێک، کۆوە دەبوون و شێعریان دەخوێندەوە و قسەی خۆشیان دەکرد.
شامی دەیگێڕێتەوە: لەو کاتەدا شیعری «مەڵا ئەڵماس خان» و «غولامڕەزا لۆڕ» و «سەید سەلاح»، زۆر باو بوو.
منیش زۆرم حەز لێ دەکردن و جوانم گوێ بۆ دەگرتن. کەم کەم وام لێ هاتبوو، له زۆر شوێنان ئەگەر لەتی ئەوەڵی شیعرەکەم دەبیست، به زەوق باقی شێعرەکەم پێ‌دەزانی. بەو بۆنەوە تێ‌گەیشتم که بۆ خۆشم دەتوانم شێعر بڵێم.
هەر لەو سەردەمانەدا، له ماڵ ئەمانوڵڵا خان دێتەدەرێ و بۆ خۆی کار و کاسبی دەس پێ دەکا. چایی و پارچه و وردەواڵه له قەسرشیرین دەکڕێ و له کرماشان دەیفرۆشێ. ئەگەریش جاروبار ئەمنیه و ئاژان ڕێیان پێ گرتووە، به دوو قسەی خۆش و چوار شیعری جوان، له کۆڵی بوونەتەوە و خەلاسی هاتووە. بەم جۆرە له ڕەنجی خۆی، تیکەنانێکی وە دەس خستووە و بەوە ژیاوە.
شامی به هەموو بێدەسەڵاتی و دەستەنگیەوە، زۆر بەرچاو تێرە و قەت نانی ناپیاوی تام نەکردووە و دەستی خوازەڵۆکی بۆ هیچ دانەکێشاوە. ئێستاش ماڵۆکەیەکی هەیه، که دو سێ وەتاغی به کرێ‌داوە و بەوە دەژیت.
لەوەی که عومری دەڵێ، پیرتر دیارە و به داخەوە نەخۆشیش زۆری بۆ هێناوە. خەڵکیش قەدری نازانن و کەمتر هەواڵی دەپرسن. تەنانەت جارێک ناپیاوێک شێعرەکانی لێ‌ساندووە و کوتوویه بۆتی چاپ ئەکەم، کەچی بردوویه و دزیویه و به ناوی خۆی له چاپی داوە.
خۆی دەڵێ:
له سەرینەی هەموو ئەوانه، شیعری زۆرم کوتووە، که کەسی وا نەبوە پێی بڵێم بیان‌نوسێتەوە و خۆشم له بیرم نەماون و هەروا ڕۆیون و فەوتاون.
بەو ئاواته که بتوانین باشتر له ڕابردوو شاعیران و نوسەرانمان به خەڵک بناسێنین خەڵکیش زۆرتر له پێشوو، بەو جۆرە که حەقی خۆیه، قەدریان بگرن و نەیەڵن هەر وا بێ‌ناو و بێ‌دەفتەر، لە بەین بچن و پاش نەمان و فەوتانیان، ئاخ و حەسرەتمان بۆ بمێنێتەوە.
جا ئێستا چەند پارچەیێک له شێعرەکانی مامۆستای نەخوێندەوارمان «شامی» به خەڵکی پێشکەش ئەکەین.
ئەوەی که جێگایه لەیرەدا بگوترێ، سپاسی زۆرە له «کاک حوسێن موفتی»، که بەراستی ئەگەر ئەو لەم کارەدا یاریدەی نەدەداین، دەبێ بڵێی نەدەکرا.
به ئاواتین له هەر کوێ دەبێ، سەعادەتمەند و سەرکەوتوو بێ.

نووسینی؛ مامۆستا هەژار.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit