ئاڵەکۆک

سافیی ھیرانی add_a_photo
سافی شیعرەکانی سافی
٤٣. خودا ڕەحمێ بە حاڵم یار ئەوا بردی بە دڵمایی
خودا ڕەحمێ بە حاڵم یار ئەوا بردی بە دڵمایی١
لە سەر هۆش و لە تەن تاقەت، لە دڵ سەبر و شەکیبایی

لە لایێ ئارەزووی وەسڵ و لە لایێ دڵ‌شکستی یار
گوریس ناگا بە یەک لا چۆن ئەگا گەر بێ بە دوولایی

نە لەو جێگەی غەریبیم دێ تەسەلا و نە وەتەن ئارام
چ چارەی دیکە شک نابەم بە غەیری شێت و شەیدایی

کە هەرچیەکم بەسەرهات لەو وەفای دڵ بوو جەفایی یار
لە بەینی هەردوو لاوە خوێنەکەم وا چوو بە خۆڕایی

دەزانی بۆچی گۆشەی بێکەسیم گرتووە لەدووری یار
خەیاڵی ئەو ڕەفیقەی بوو دڵی ڕیسوا لە تەنهایی

ئەلا ئەی دۆستانم داستانی دڵ تەواو نابێ
مـەگـەر ڕۆژی جەزا بێتن لە خزمەت شاهی مەولایی

هەوایی لەیلەکەی بێ‌مەیلەیە دڵ والەیە (سافی)
سیاخانەی دەروونە شۆڕشی مەجنوونی سەحرایی

١. دڵماین: دڵشکان. [فەرهەنگی خاڵ]
دیوانی سافی، چاپی سێیەمین ١٩٧٣ زایینی، چاپخانەی کوردستان هەولێر، لاپەڕە ٦٩.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit