ئاڵەکۆک

سافیی ھیرانی add_a_photo
سافی شیعرەکانی سافی
٣٨. دڵبەرا دڵ بێ قەرارە
دڵبەرا دڵ بێ قەرارە
چاوەکانم گریە بارە
سینەکەم هەر داغدارە
یار یەکە غەم سەدهەزارە

مورغى دڵ بۆت کەوتە داوە
عەقڵ و هۆشى پێ نەماوە
بۆیێ سەرتاپا سووتاوە
دڵبەرا دڵ بێ قەرارە

دۆستان بۆم کەن دوعایە
زامەکەى دڵ پڕ جەفایە
قەت خەیاڵ ناکەم شفایە
دڵبەرا دڵ بێ قەرارە

جارێ ناپرسى لە حاڵم
عاشقى نوورى جەماڵم
کەى دەبێ یاڕەب ویسالم
دڵبەرا دڵ بێ قەرارە؟

کەى دەبێ خۆت بێیە لامان
دڵبەرى شۆخى خەرامان
تا بگا دەستم بە دامان
دڵبەرا دڵ بێ قەرارە

(سافى) بۆت بوو شێت و شەیدا
دڵ بە دەرد و سەر بە سەودا
ڕەحمى پێ بکە لە ڕێى خودا
دڵبەرا دڵ بێ قەرارە

دڵبەرا دڵ بێ قەرارە
چاوەکانم گریە بارە
سینەکەم هەر داغدارە
یار یەکە غەم سەدهەزارە
دیوانی سافی، چاپی سێیەمین ١٩٧٣ زایینی، چاپخانەی کوردستان هەولێر، لاپەڕە ٥٥.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit