ئاڵەکۆک

سافیی ھیرانی add_a_photo
سافی شیعرەکانی سافی
٣٢. موددێکە لە هیجرانی تۆ شێوایە دڵی من
موددێکە لە هیجرانی تۆ شێوایە دڵی من
سەرگەشتە وو بێچارە وو ڕیسوایە دڵی من
پەیوەستە لە کێوان و لە سەحرایە دڵی من
مەجنوون سیفەتە مائیلی لەیلایە دڵی مـن

ئەم وەحشییە ئەسلا کە لە بۆ ئێمە نەبوو ڕام
هەرچەندە سەعی و کۆشش ئەکەم نایەتە نێو دام
ئایا لە سەر ئەم شۆڕشەیە چی ئەبێ ئەنجام
ئاساری کە لەم وەحشەتە پەیدایە دڵی من

سەوداسەر و دێوانە وو حەیرانە هەموو دەم
بۆ یار بۆ ئەغیار شەریکە لە هەموو غەم
فارغ نەبوو یەک لەحزە ئەگەر زۆر و ئەگەر کەم
ئاشوفتە وو پڕ شۆڕش و غەوغایە دڵی من

دائیم لە غەمی عەشقی تۆ وا خانە خەرابە
بەو ئاوری دووریتە کە وا سینە کەبابە
بێعارە مەگەر بۆیە کە ئازاری سەوابە
بەدبەختی نەبێ چی لە چ‌ دامایە دڵی من

بەو زولفە ئەسیری مەکە دێوانەیی تۆیە
مەسجوونی مەکە خادمی دەرگانەیی تۆیە
مەفتوونی جەمالی تووە پەروانەیی تۆیە
موشتاقی قەد و قامەتی ڕەعنایە دڵی من

دووری لە وەتەن دەربەدەری یار و دیارە
بێ موونس و بێ یاوەر و بێزار و نەزارە
بیمار و بریندار و جەفاکێش و هەژارە
بێ‌چارەیە وا ڕوویی لە مەولایە دڵی من

بێ ڕەحم و وەفایی بەسە ئەی یاری وەفادار
شەیدایی هەوایی تووە ئەو (سافی)یی بێچار
پابەندی دووسەد غەم بووە لەو لۆمەیی ئەغیار
جێ چارەسەری دەرگەیی بەغدایە دڵی من
دیوانی سافی، چاپی سێیەمین ١٩٧٣ زایینی، چاپخانەی کوردستان هەولێر، لاپەڕە ٣٤و٣٥.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit