ئاڵەکۆک

سافیی ھیرانی add_a_photo
سافی شیعرەکانی سافی
١٥. شیفتەیی نووری جەمالم ماهی تابانم وەرە
شیفتەیی نووری جەمالم ماهی تابانم وەرە
ئارەزووی شەهدی ویسالم جانی جانانم وەرە

ڕۆژی عەیدە چاوەڕێتم بێی بە قوربانم بکەی
کوشتنیشت ڕەحمەتە، سەدجار بەقوربانم وەرە

بێ دەوایی وەسلەکەت دەردم عیلاجی ناکرێ
دەردی بێ دەرمان هەتاکەی، دەرد و دەرمانم وەرە

من غەریبی تۆ ئومێدم بە هیچ دەرگایێ نییە
چاوەڕێی ئیحسانی تۆمە، شای غەریبانم وەرە

وا دڵ و دینم لە ڕێی عەشقی تۆ فەوتا چاوەکەم
حوسنی ڕووی تۆم کافیە، بۆ نووری ئیمانم وەرە

بۆ هەواڵ‌پرسی نەخۆشی خۆت چییە گەر یەک دەمێ
یا لەبەر خوا، یا لەبەر ڕەغمی ڕەقیبانم وەرە

کەوتمە نێو حاڵی هیلاکەت وا لە دەردی دووری تۆ
مەمکوژە بەو دەردە سەد جار دەست و دامانم وەرە

ئاوری عەشقت وەهای سووتاندووە کۆگای دەروون
من غەریقی مەوجی خوێنم، سینە بریانم وەره

(سافی) تا ڕۆژی قیامەت هەر دەناڵێنێ و دەڵێ
تا نەفەس ماوە لە قەلبم یاری پەنهانم وەرە
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit