ئاڵەکۆک

کەماڵ ڕەحمانی زەنگیاوەیی add_a_photo
کەماڵ ڕەحمانی چرای خەیاڵ
٩. خه‌وێکی خۆش
ئه‌وشۆ له خه‌وما له سه‌ر کانی بووم
په‌پووله ده‌فڕین ده‌تکوت خه‌نی بووم

هه‌نگیش ده‌نیشتن له سه‌ر په‌ڕی گوڵ
نه‌قیم بوون له سه‌ر ئه‌نگوستیله‌ی چڵ

ده‌تکوت ده‌ریایه حه‌وا له شینی
زه‌وی جوانتر بوو له بوکی چینی

دار هه‌موو به‌رز، هێلانه له سه‌ر
مه‌لیش هه‌ڵده‌فڕین، ده‌یانبه‌ست له‌نگه‌ر

سروه به نه‌رمی وه‌ک خوشکێکی چاک
دایدێنا سه‌ری گوڵزاری دڵپاک

هه‌تاو بێ‌پشوو گۆرانی ده‌ڕست
هه‌رچی گه‌ڵا بو گوێیان هه‌ڵده‌خست

هه‌ر هه‌ڵده‌هاتم له ده‌شتێکی ساف
دڵخۆش وه‌ک کوردی گه‌یشتوو به ماف

ئه‌و‌ خه‌وه خۆشه‌م قه‌ت ناچێ له بیر
خه‌وی هه‌موو خۆش ساوا هه‌تا پیر
٩٤/١١/٢١ پیرانشار

پەراوێز edit