کچی نەرمۆڵەی شۆخ و شەنگ
بەرگیان پۆشی هی ڕەنگاوڕەنگ
ئارایش لە سەر تەختی ڕوو
لە تاو جوانی شەرمەزار بوو
گەردانەی زێڕ ئاڵا لە مل
پشتێن گوشی کەمەری شل
شەرم ئەڕژا لە ورشە و چاو
بریسکە لە ئەگریجەی خاو
ورشە لە کەوای سورمەچن
پرشنگ لە کوڵم و لە گەردن
بۆنی ڕێحانە لە پەرچەم
بۆنی گوڵە عەتریش لە دەم
دەس کە چەند جوان و خرپنە
نەخشاندبوویان بە خەنە
خەرمانەی دەوری کوڵمی سوور
لە تەمی تارادا، وەک نوور
بووک گەیشتە ژووری تەلار
دەورەیان دا، کچی نازدار
جوانترین شتی جوان، دەگمەن
لە ژوورێکا، ئاوێنەبەن
جوان ڕێکیان خستبوو، بۆ بووک
بووکی نەرمۆڵەی ئێسکسووک
پۆ پەشمین و پەردە و گوڵدان
فەرشی ڕەنگاوڕەنگی کاشان
نەخشێکیان کێشابوو ئێجگار
جوان بوو وەکوو، باخی بەهار
دڵی زاواش پیری تەڕپۆش
هەر چاک بوو نەئەبوو، بێهۆش
زاوا، پۆشی بووی جلی جوان
سەری تاشی بوو بە گوێزان
لە پێوە تا مشکی و کڵاو
هەمووی تازە و ورد، ڕێکخراو
چاکەتەکەی وەکوو جاران
نەیبوو پینەی سەر ملیوان
کچێکی هەبوو جوان، شیرین
خوێنگەرم و شۆخ و نازەنین
بەڵام دایکی ئەبوو.. دە ساڵ
جێی هێشتبوو، ژیانی ماڵ
لەژێر، سایەی ئەرخەوانا
ڕاکشا بوو، لە سەیوانا
باوکی.. ئەم بووکەی کە هێنا
چوارەمینی بوو، لە ژینا
شەو هات و بێدەنگی بەسام
کشایە ناو، کووچە و شەقام
مانگ ئەینواڕییە پشت پەردە:
ڕووی ئەو شیرینە بێگەردە
ئەینواڕییە، بووکی وەک گوڵ
- پیری ژین ڕۆشتووی بەرەو گڵ -
ئەینوارییە، بەفر و ئاگر
کچ پشکۆ بوو، پیرەش بەفر
هەر پارە بوو، هۆی ئەم کەتنەش
سامان بووکی، گرتە باوەش
لەم بەرەوە ژوورێکی تەنگ
وەکوو شەو غەمگین و بێدەنگ
کچەکەی حاجیی بەسەزمان
سەرنجی ئەدا لە ئاسمان
دوای هەناسەیەک بێدەنگ بوون
ئەسرین زایە، ناو چاوی ڕوون
چاوی لێڵ بوو.. برژانگی ورد
پەنایان بۆ یەکتر ئەبرد
دایماڵی بەرگی سووری کاڵ
نواڕییە، کوڵمی خڕ و ئاڵ
دوو دڵۆپی لێڵ لە ئەسرین
لەسەر گۆنای سوور، ئەلەرزین