ئاڵەکۆک

کامەران موکری add_a_photo
ئەو ڕۆژە مات بووم دڵم تەنگ
دانیشتبووم مەلوول بێ دەنگ
گەردنم لاری خەیاڵی
خونچەی دەمی، کوڵمی ئاڵی
پەردەی بیستن زۆر عەزرەتی
بۆ، جریوەی بەلەزەتی
سێ ڕۆژ ئەبوو، دەنگی نەرمی
وردە ڕازی خۆش و گەرمی
نەیدا بوو، لە پەردەی هەستم
لە ڕووما، دیار بوو، زۆر پەستم
لە ناکاو، تەلەفۆن زەنگی
شێوانی گۆمی بێدەنگی
پەپوولەی، وشەی ورد، بەجۆش
هی قسەی گەرم و گوڕی خۆش
لە دوورەوە، بە پۆل فڕین
بۆ، هێلانەی دڵی غەمگین
وشەی زۆر شیرین و بەتام
تێکەڵاو، بە نەغمەی هیوام
ڕژایە، سەر لێوی وشکم
ناو دڵۆپی گەرمی ئەشکم
دەنگی، پیرۆز و شیرینی
نەغمەی خۆشی پێکەنینی
لە دڵما بوون بە گۆرانی
بە ئاوازەی کامەرانی
«هەر دەنگێ دێ من وازانم»
«تەلەفۆن ئەکەن بۆ گیانم»

پەراوێز edit