لەسەر لێوم زەردەخەنەی گەش و جوان
خوای دڵخۆشی ڕایئەژەنێ بە نەرمی
بۆیە دڵم قەت، مل نانێ بۆ گریان
پێئەکەنێ بەجۆش و کوڵ بە گەرمی
***
لەناو گوڵا، بریسکەی نەختێ ئاورنگ
ئەبێ بە هۆی دڵخۆشی و کامەرانیم
دیمەنی جوان بریسک و هووڕی گزنگ
بۆم دەرئەخەن، کە من چەند شەیدای جوانیم
***
تا، بارانی خەمی ژینم بەتاو بێ
بزەی دەمم وەکوو پەلکەی زێڕینە
دەرئەکەوێ و قیبلەم ئەبێ هەتاو بێ
نائومێدی تیری زەهراوی ژینە